دادوەرێک: ساڵانە لە عێراق 75 هەزار حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار دەکرێن

حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران
حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران

K24 – هەولێر:

دادوەرێکی دادگای باری شارستانی بەغدا ئاشکرایکرد، ساڵانە لە عێراق 75 هەزار حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار دەکرێن، کە زۆربەیان مامۆستای زانکۆ، راگەیاندکار و چینی رۆشنبیرانن.

ئەمڕۆ شەممە (6ـی نیسانی 2024) ئەحمەد جاسم ساعدی، دادوەری یەکەم لە دادگای باری شارستانی بەغدا رایگەیاند، دوای تۆمارکردنی ژمارەیەکی پێوانەیی لە دۆسییەکانی جیابوونەوە لە سەرجەم پارێزگاکان، ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە دەبینەوە.

ئەو دادوەرە، ئاشکراشی کرد، ساڵانە 75 هەزار حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار دەکرێن، کە زۆربەیان مامۆستای زانکۆ، راگەیاندکار و چینی رۆشنبیرانن.

ئەحمەد جاسم ساعدی، دەڵێت: عێراق پێویستی بە هەڵمەتێکی گەورە هەیە بۆ پەروەردەکردنی کۆمەڵگە، نەک پشتگوێخستنی خێزانەکان و بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا".

بە گوێرەی ئامارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، بەغدای پایتەخی عێراق لەرووی ژمارەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی و حاڵەتەکانی جیابوونەوەی هاوسەران لە پلەی یەکەم دێت، لە پارێزگای موسەنا کەمترین گرێبەستی هاوژینی و لە پارێزگاری زیقاریش کەمترین حاڵەتەکانی جیابوونەوە تۆمارکراون.