وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە دیمەشق

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

 بەگوێرەی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکان، ئەمڕۆ دوشەممە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، گەیشتە دیمەشق. ئەمەش یەکەم سەردانی بەرسێکی باڵای ئێرانە لەدوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەیان لەو وڵاتە.

سەردانەکەی عەبدوڵڵاهیان بۆ سووریا لە چوارچێوەی گەشتێکی ناوچەییدایە کە ڕۆژی یەکشەممە، 7ـی ئاداری 2024، لە سەڵتەنەی عومان دەستی پێکرد، لە چوارچێوەی ئەو گرژییانەی، کە لە 1ـی نیساندا کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کرایە ئامانج.

بەپێی هەواڵی میدیاکان، عەبدوڵڵاهیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سووریا کۆ دەبێتەوە، دیارترینیان بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا و فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سووریا.

وەزارەتی ڕاگەیاندنی سووریا ڕایگەیاندووە، "ئەمڕۆ دووشەممە، بارەگایەکی نوێ بۆ کونسوڵخانەی ئێران دەکرێتەوە".

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "ئەلوەتەن"ـی نزیک لە حکوومەتی سووریا، کاردانەوەکانی هێرشەکە بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، گفتوگۆی سەرەکیی کۆبوونەوەکانە، جگە لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و دۆخی غەززە.

 تاران بەڵێنی دابوو، وەڵامی ئەو هێرشە بداتەوە کە بووە هۆی کوژرانی حەفت ئەندامی سوپای پاسداران کە لەنێویاندا دوو ئەفسەری پلە باڵا هەبوون، لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق.

هەروەها بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، کۆی گشتی کوژراوانی ئەو هێرشە گەیشتووەتە 16 کەس.

 ڕۆژی یەکشەممە، 7ـی ئادار، بەدر بن حەمەد ئەلبوسەیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لە شاری مەسقەت لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی گوتی: "عومان پاڵپشتی لە هەوڵەکان دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا".

 یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل دوێنێ یەکشەممە ڕایگەیاند، سوپا "ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک بەرانبەر ئێران"