بەهۆی دابەزینی بەهای تومەن نرخی خۆراک لە ئێران بەرزبووەتەوە

بەهۆی دابەزینی بەهای تومەن نرخی خۆراک لە ئێران بەرزبووەتەوە
بەهۆی دابەزینی بەهای تومەن نرخی خۆراک لە ئێران بەرزبووەتەوە

K24 - هەولێر

دابەزینی بەهای تومەنی ئێرانی بەردەوامە ئەوەش بووەتە هۆی زیاتر بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و بەتایبەتیش نرخی خۆراک، لایەنە پەیوەندیدارەکان پێشبینی زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت و بابەتە خۆراکییەکان دەکەن.

دوای ئەوەی لەم ڕۆژانەی دواییدا نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی ئێراندا هەڵکشا و لە 65 هەزار تمەن تێپەڕ بوو، نرخی گۆشتیش لە بازاڕەکانی ئەو وڵاتەدا گران بوو.

بەڕێوەبەری کارگێڕیی سەندیکای ناوەندیی ئاژەڵی وردەی ئێران پێشبینیی کردووە بەهۆی گرانبوونی نرخی دۆلار و تێچووی بەخێوکردنی ئاژەڵی وردە نرخی یەک کیلۆ گۆشتی مەڕی خۆماڵیی وڵاتەکە لە 500 تا 700 هەزار تمەنیش زیاتر بێت.

ئەفشین سەدردادڕەس ئاماژەی بەوەش داوە، لە دوایین ڕۆژەکانی پێش نەرۆزدا نرخی یەک کیلۆ گۆشتی ئاژەڵی زیندوو نزیکەی 255 هەزار تمەن بووە لە ڕۆژانی نەورۆزدا لە 260 هەزار تمەن تێ پەڕی و ئێستا لە 270 هەزار تمەنیش زیاترە.

 لە ژێر کاریگەریی گەمارۆ ئابوورییە نیودەوڵەتییەکاندا، بەهای پارەی نیشتمانیی ئێران زۆر داشکاوە و لە بەرانبەر دراوەکانی جیهان، بەتایبەت دۆلاردا ڕۆژ بە ڕۆژ بێبەهاتر دەبێ و ڕووداوە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکەش بە خێرایی کاریگەری لەسەر بەهای پارەی ئێران دادەنێن و لەگەڵ هەر جارێک دابەزینی بەهای پارە گرانی و هەژاری و بێکاری لەو وڵاتەدا زیاتر پەرە دەستێنن.

لە کاتێکدا نرخی دۆلار لە بازاڕی ئێراندا لە 65 هەزار تمەن تێپەڕی کە باس لەوە دەکرێت ئەگەری هەیە ئێران وەڵامی ئەو هێرشەی ئیسرائیل بداتەوە کە کردییە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا و تێیدا ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکان و ئەندامانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کوژران.

هەردوای هێرشەکەی ئیسرائیلیش نرخی دراوی وڵاتان، بەتایبەت دۆلاری ئەمەریکا لە بازاڕەکانی ئێراندا بە ڕێژەیەکی بەرچاو گران بوون.