بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی هەرێم، بەشداریی گفتوگۆکانی سوودانی و بەرپرسانی ئەمەریکی دەکات

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 - واشنتن

لە سەردانەکەی هەفتەی داهاتووی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم دەکات، تەوەرە سەرکییەکانیش هەناردەکردنەوەی نەوت و پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە.

لە مانگی ئەیلول و لە پەراوێزی کردنەوەی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNGA)، دزەیی لە نیویۆرک لەگەڵ برێت مەکگۆرک، ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا کۆببووەوە.

ڕۆژی دووشەممە 8ی نیسانی 2024، ماتیۆ میلێر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ڕۆژنامەنووسانی ڕوونکردەوە کە گفتوگۆکان لە چوارچێوەی لیژنەی باڵای هەماهەنگی ئەمەریکا و عێراق دەکرێن، ڕاشیگەیاند کە نوێنەرێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دانوستانەکانی هەفتەی داهاتوو بەشدار دەبێت.

میلێر ئاماژەی داوە، لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی لیژنەی باڵای هەماهەنگی ئەمەریکا و عێراق ، ئەولەویەتی گفتوگۆکان پەیوەستن بە فراوانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەگەڵ سەربەخۆیی وزە، چاکسازیی دارایی، خزمەتگوزاریی بۆ گەلی عێراق، بەهێزکردنی دیموکراسی و سەروەری یاسا، و بەرزکردنەوەی پەروەردەیی و فەرهەنگی پەیوەندییەکان، کە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەشداری گشت گفتوگۆیان دەبێت."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی: ئەمەریکا پشتیوانیی لە هەرێمی کوردستانی بەهێز و خۆڕاگر دەکات، لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵی خاوەن سەروەریی و سەقامگیر. هاوکات هانی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم دەدەین هەوڵەکانیان بۆ چارە کردنی گرفتەکان چڕ بکەنەوە بۆ ئەوەی سوودی بۆ ئابووری وڵاتەکە و خەڵکەکەی هەبێت."

لیژنەی باڵای هەماهەنگی ئەمەریکا و عێراق (HCC) لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیجی (SFA) لە تشرینی دووەمی 2008 دارێژراوە. ئەم ڕێککەوتنەش لە کۆتا مانگەکانی ئیدارەی جۆرج بوش لە نێوان بەغدا و واشنتن مۆر کرا. ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی (SFA) هاوکاریی درێژخایەن نێوان ئەمەریکا و عێراق لە بوارە جیاوازەکان دابین دەکات، لەوانەش بەرگری و ئاسایش.

هەروەها دوایین کۆبوونەوەی لەم جۆرەی لیژنەی باڵای هەماهەنگی ئەمەریکا و عێراق لە شوباتی 2023 بەڕێوەچووە، بەڵام کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی فوئاد حسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

ئامادەکارییەکانی ئەمەریکا بۆ لیژنەی باڵای هەماهەنگی ئەمەریکا و عێراق لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێکرد، واتە بەر لە هێرشی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەم بۆ سەر ئیسرائیل بوو. بەڵام بەهۆی ئەو گێژاوەی ئێستا کە ناوچەکەی گرتووەتەوە، پاڵنەرێکی زیاتری پێدراوە کە لە زووترین کات بەڕێوەبچێت.

کاتێک برێت مەکگۆرک لە پەراوێزی کردنەوەی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەل سەفین دزەیی کۆبووەوە، هاوکات لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شییاع سوودانیش کۆدەبێتەوە و بانگهێشتی دەکات بۆ سەردانی واشنتن. سەرەڕای ئەمە، تاوەکو مانگی ڕابردوو هێشتا هیچ وادەیەک دەستنیشان نەکرابوو بۆ ئەم سەردانە و دواتر ڕاگەیندرا کە سوودانی لە 15ی نیسان سەردانی ئەمەریکا دەکات و لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا، جۆو بایدن کۆدەبتەوە.

پێش ئەو ڕاگەیاندنە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆتایی مانگی شوبات سەردانی واشنتنی کرد؛ ئەوە یەکەم سەردانی بارزانی بوو بۆ پایتەختی ئەمەریکا وەک سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

دوای مانگێک لەسەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێم، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی واشنتنی کرد.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس و کەسایەتی سیاسی لە بەغدا کۆبووەوە. لە میانەی کۆبوونەوەکانیدا، لەگەڵ سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی، کۆبووەوە.

سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی سەفەری پایتەختی عێراقی کردبوو بۆ ئەوەی لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی عێراقی کۆببێتەوە. پاشان لەگەڵ ڕۆمانۆوڤسکی کۆبووەوە ، پێدەچێت کورتەیەک لەبارەی ئەو کۆبوونەوانە لەگەل ڕۆمانۆوڤسکی باس کرا بێت.

ئەمەریکا ئارەزووی باشتربوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چارەکردنی گرفت و ناکۆکییەکانیان دەکات.

دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی لوولەی نەوتی جەیهانی تورکیا. بۆ حکوومەتی هەرێم یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان دەبێت لە بەهۆی سکاڵاکەی دادگای پاریس زیاتر لە ساڵێکە هەناردن ڕاگیراوە، بەمەش عێراق زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار داهات لەدەستداوە.

پرسێکی دیکە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی حکوومەتی هەرێمی پرسێکی دیکەی گفتوگۆکان دەبێت، هەرچەندە لەم دواییانەدا گرفتەکە یەکلایی بووەوە، لانیکەم بۆ ئێستا. سەرۆکی هەرێم  ئەمەی بە "هەنگاوێکی نایاب" وەسف کرد.