ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بارەگاکانی حزبوڵڵای لوبنان لە سووریا

K24 - هەولێر

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بۆ ڕێگری لە بەهێزبوونی گرووپە چەکدارەکان و لە ناوبردنی هەڕەشەکان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە (10ی نیسانی 2024) چەند بنکە و بارەگایەکی چەکدارانی حزبوڵڵای لوبنانی لە سووریا بۆردومان کردووە.

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەیداوە، لە سەر بنەمای وردی هەواڵگریی ئەمڕۆ لە هێرشێکی ئاسمانیدا ژێرخانی سەربازیی حزبوڵڵای لوبنانی لە سووریا بۆردومان کردووە کە لە لایەن ڕژێمی سووریا لە دژی ئیسرائیل بەکاردەهێنران.

هەر لە بارەی هێرشەکەدا، سوپای ئیسرائیل گرتە ڤیدیۆیەکی هێرشەکەی بڵاو کردووەتەوە کە چۆن بنکەکانی حزبوڵڵا بۆمبباران دەکەن.

ئیسرائیل، ڕژێمی سووریا بە بەرپرسیار ناساندووە لە هەموو ئەو هێرشە مووشەکیی و درۆنانەی لە خاکی سووریاوە دەکرێنە سەر ئیسرائیل، هەروەها ڕایگەیاندووە، هەرگیز بوار بە بەهێزبوونی چەکدارانی حزبوڵڵاو گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران نادەن لە سووریا.

لەلایەکی دیکەوە تۆپخانەکانی سوپای ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنانیان کردووە ئامانج، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی هێرشە درۆنیی و مووشەکییەکان حزبوڵڵا.