ئەمەریکا: ئێران بڕیاری هێرشکردنە سەر ئیسرائیلی داوە

ئاڵای ئیسرائیل و ئێران
ئاڵای ئیسرائیل و ئێران

K24 - هەولێر

ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەمەریکا ڕایانگەیاند، هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە حەتمییە و هەر روودەدات.

رۆژنامەی "وۆڵستریت جۆرناڵ"ـی ئەمەریکی لەسەر زاری ژمارەیەک بەپرسی ئەمەریکاوە ئاشکرایکردووە، وەڵامی ئێران بۆ کوژرانی حەوت ئەندامی سوپای پاسداران حەتمییە و هەر روودەدات.

ئەو بەرپرسە ئەمەریکییانە باسیان لەوەش کردووە، تا ئێستا روون نییە ئایا ئێران ڕاستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل یاخود لە ڕێگەی بریکار و گرووپە چەکدارەکانەوە ئەو کارە دەکات، بەڵام ئەوەی روونە تاران بڕیاری هێرشکردنە سەر ئیسرائیلی داوە و پاشەکشەی لێ ناکات.

ئاماژەیان بەوەش داوە، ئەگەری هەیە ئەمجارە ئەمەریکا هێزی سەربازیی خۆی دژی ئێران بەکاربهێنێت.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشبینی دەکرێت لەم چەند رۆژەدا ئێران وەڵامی هێرشەکەی چەند رۆژی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەیان لە دیمەشقی پایتەختی سووریا بداتەوە کە بەهۆیەوە ژمارەیەک فەرماندە و سەربازی سوپای پاسداران کوژران و بریندرابوون.

لەلایەکی دیکەوە، پێگەی ئاکسیۆسی ئەمەریکی ئاشکرایکردووە، بۆ تاوتوێکردن و ئەنجامدانی هەماهەنگی سەبارەت بە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی هێرشی چاوەڕوانکراوی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، جەنەراڵ مایکڵ کواریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) سەردانی تەلەئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیل دەکات.

پێگەی ئاکسیۆس ئاماژەی بەوەش داوە، جەنەراڵ کواریلا لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل دەکەن بۆ شێوازی وەڵامدانەوەی ئێران لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.

ئەو پێگە ئەمەریکییە باسی لەوەش کردووە، لەبەر هۆکاری ئەمنی سەردانەکەی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا لە میدیاوە باس نەکراوە.