سیروان تۆفیق: پلانمان هەیە ڕێژەی هاتنی گەشتیاران بەرزکەینەوە بۆ 20 ملیۆن گەشتیار

K24 هەولێر

بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار ڕایگەیاند، لەگەڵ دەسبەکار بوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگیەکی زۆری بەسێکتەری گەشتیاری دا، پلانمان هەیە ڕێژەی گەشتیاران بگەیێنینە 20 ملیۆن گەشتیار.

سیروان تۆفیق: بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار بە کوردستان24ـی گوت: لەگەڵ دەسبەکار بوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگیەکی زۆری بەسێکتەری گەشتیاری دا، بۆیە لە چوارچێوەی دەستەی گەشتوگوزار پلانێکی هەشت ساڵەی دانا و پێکەشی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کرد، بەخۆشحاڵیەوە ئەو پلانەی دەستەی گەشتو گوزار لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند کرا، کە تاوەکو ساڵی 2030 ڕێژەی گەشتیار بگەیێنینە 20 ملیۆن گەشتیار.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵێک تەکتیک و ئامانج دانراوە، تاوەکو ساڵانە چۆن بتوانین بەشێوەیەکی دروست و زانستیانە ئەو ڕێژەیەی گەشتیار بەرزبکەینەوە، هەروەها بتوانین لەگەڵی پەرە بەژێر خانی ئابووریەکەشی بدەین.

سیروان تۆفیق باسی لەوەشکرد، لەساڵی 2022 ژمارەی گەشتیاران لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن کەس بووە، هەروەها ساڵی 2023 بووەتە زیاتر لە شەش ملیۆن گەشتیار، ئەمساڵیش بەنیازین بگەیێنینە سەرووی هەشت ملیۆن گەشتیار، ئەمەش بە پلانێکی دیراسەکراو بووە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار دەشڵێت: خۆشبەختانە کارمەندانی گەشتوگوزار لە تەواوی شاروشارۆچکەکان بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکەن، کە بووژانەوەی سێکتەری گەشتوگوزارە لە هەرێمی کوردستان.

لەسەر کاریگەرییەکانی کەشوهەوا، سیروان گوتی: ئەمساڵ بەهۆی زۆری بارانبارینەوە بەهارەکە درێژ دەبێتەوە، بەمەش خەڵک زیاتر دێت بۆ گەشتکردن، بۆیە ئێمە پلانی دووەم و سێیەمیشمان هەیە کە زۆرجار ئەو مەترسیانەی دێنە سەر گەشتوگوزاری کوردستان پێچەوانەی بکەینەوە.