ئاگرین عەبدوڵڵا: پردی دەربەندی ڕانیە ڕۆلێکی کاریگەری لەسەر گەشتیاری ناوچەکە هەیە

K24- هەولێر

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕایگەیاند، پردی دەربەندی ڕانیە زۆرێک لەکارەکانی تەواو بووە، ماوەی چەند هەفتەیەکی دیکە تەواو دەبێت.

ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پردی دەربەندی ڕانیە زۆرێک لەکارەکانی تەواو بووە کە ڕێژەکەی دەگاتە 98%، کە چەند بڕگەیەکی ماوە، وەک دانانی ئینارە تاوەری ڕۆناککردنەوەی شەو لەگەڵ چەند وردەکارییەکی دیکە، کە ماوەی چەند هەفتەیەکی دیکە تەواو دەبێت.

ئاگرین ئاماژەی بەوەشکرد، داواکاری لەسەر دروستکردنی پردەکە، جگە لە گەشتیاری داواکارییەکی گەورەی ئیدارەی سەربەخۆیی ڕاپەڕین بوو، بەتایبەتی ناحیەی بنگرد و 25 گوندی دەورووبەری کە زۆربەی دانیشتوانی کاری کشتوکاڵی و جووتیاری دەکەن، هەروەها کاتێک لە وەرزی هاویندا بەرووبومەکەیان پێدەگەیشت نەیاندەتوانی بە بارهەڵگری گەورە بیپەڕێننەوە، چونکە ئەو پردە کۆنەی کە هەیە بەرگەی ئامێری کشتوکاڵی گەورە یان بارهەڵگری قورسی نەدەگرت کە بەسەریدا تێبپەڕێت.

باسی لەوەشکرد، لەبەر ئەوەی دەربەندی ڕانییە سرووشتێکی جوانی هەیە ناوچەیەکی گەشتیاریشە، بۆیە ئەو پردە ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە پەرەپێدانی بواری گەشتیاری ناوچەکە.

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەشڵێت: هەموو پردێک کە کواڵێتییەکی ئەندازیاری بەرز دروست دەکرێت کە پردی ڕانیەش بەو شێوەیەیە، بەرگەی 50 ساڵ دەگرێت، هەروەها بەرگەی هەموو ئەو بارهەڵگرانە دەکات کە لەهەرێمی کوردستان ڕێگەی پێدراوە.

ڕاشیگەیاند، کۆمپانیای جیبەجێکاری ئەو پردەش ناوخۆییە و زۆرینەی دەستی کاری ناوخۆی هەرێمی کورردستانە، بەڵام پێکهاتەی پڕۆژە جۆراوجۆرە لەوانە شیش یان شێرمانەکانی بڕگەی ئاسنی پردەکە لە ئێرانەوە هاتووە، هەروەها لە تاقیگەکانی هەولێر و سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین پشکنینی بۆ کراوە.