پێشبینی دەکرێت نرخی زێڕ بگاتە 500 هەزار دینار

زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان
زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

بەرزبوونەوەی نرخی زێر لە بازاڕە داراییەکانی جیهان بەردەوامە، تەنها ئەمڕۆ دوو جار نرخی ئۆنسەیەک زێر بەربەستی دوو هەزار و 400 دۆلاری تێپەڕاندووە، بەو هۆیەشەوە چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ کردنەوەی بازارەکانی هەرێمی کوردستان لە رۆژانی داهاتوودا نرخی زێڕ بۆ زیاتر لە 500 هەزار دینار بەرزببێتەوە.

هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێر لە بازارە داراییەکانی جیهاندا بریتییە لە ئەگەرەکانی دابەزاندنی رێژەی سووی بانکی لەلایەن بانکی فیدراڵیی ئەمەریکاوە، ئەوە وایکردووە زۆرێک لە بازرگان و تەنانەت بانکە ناوەندییەکانی وڵاتانیش پەنا ببەنە بەر کڕینی زێر، بەو هۆیەوە خواست لەسەر زێڕ بەرزبووەتەوە و نرخەکەشی لەگەڵی هەڵکشاوە.

لە ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا پێش داخستنی بازاڕەکان لە بەهۆی پشووی جەژنەوە، نرخی زێر گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژووی، کە 495 هەزار دینار بوو بۆ هەر مسقاڵێک زێر.

چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا کە بازاڕەکانی کوردستان دەکرێنەوە، نرخی زێر بەربەستی 500 هەزار دینار تێبپەڕێنێت، ئەگەر نرخی زێڕ تا کۆتایی ئەم شەو کە کاتی داخستنی بازارە داراییەکانی جیهانە وا بە بەرزی بمێنێتەوە.

هەژمارکردنی نرخی زێڕ لە بازاڕە ناوخۆییەکانی عێراق و هەرێمی کورستان پرۆسەیەکی ژمێرەیی وردە، کە زۆرێک لە هاووڵاتییان ناتوانن ئەنجامی بدەن، بەشێوەیەکە کە؛ نرخی ئۆنسەی زێر لە بازاڕە داراییەکانی جیهان دابەشی 31.1ی دەکەیت، چونکە هەر ئۆنسەیەک ئەوەندە گرامە، دواتر ئەنجامەکەی جارانی 0.875 دەکەیت و پاشان ئەنجامەکە کە بە دۆلار دەرچووە دەکەیتە دیناری عێراقی کە ئێستا نزیکەی 148 هەزار دینارە، بەو شێوەیە نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیارە 21 دەردەچێت.