دووشەممەیەکی مێژوویی لە رێگاوەیە

خولی نایابی کوردستان
خولی نایابی کوردستان

دوو شەممەی ئەم هەفتەیە 15ـی نیسانی 2024 رۆژێکی مێژوویی دەبێت بۆ سێ یانەی خولی نایابی کوردستان. هەر یەک لە یانەکانی ئاکرێ و پێشمەرگەی هەولێر و هەروەها شێروانە، چانسی بەدەستهێنانی ناسناوی ئەم وەرزەی خولەکەیان هەیە.

چوارقوڕنە - ئاکرێ

ئاکرێ گەڕی رابردوو دەرفەتێکی مێژوویی لەدەستدا، ئەو یانەیە لە گەڕی 29ـی خولی نایابی کوردستان لە یاریگای خۆی، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاوە لە هاندەرەکانی میوانداری ئاراراتی کرد. لەو یارییە ئاکرێ تەنها پێویستی بە گۆڵێک هەبوو، بۆ ئەوەی مێژوویەکی نوێ لەبەردەم هاندەرەکانی تۆمار بکات و ناسناوی خولی نایابی کوردستان مسۆگەر بکات.

یانەکەی پایتەختی نەورۆز گەڕی رابردوو نەیتوانی لە یاریگای خۆی ناسناوەکە مسۆگەر بکات، بۆیە دەبێت لە کۆتا گەڕ و لە دەرەوەی یاریگای خۆی، بەرامبەر چواقوڕنە هەوڵ بۆ ئەو ئامانجە مێژووییەی بدات. ئاکرێ بە کۆکردنەوەی 49 خاڵ پێشەنگی خولی نایابی کوردستانی گرتووە، بە بردنەوەیان لەم یارییە و بەبێ ئاوڕدانەوە بۆ یارییەکانی دیکە، دەبنە پاڵەوانی خولەکە، بە پێچەوانەوە رەنگە یەکێک لە یانەکانی دیکەی رکابەری، واتە پێشمەرگەی هەولێر و شێروانە ناسناوەکەیان لە چنگ دەربێنن.

شێروانە - پێشمەرگەی هەولێر

گرنگی ئەم یارییە لە یارییەکەی ئاکرێ و چوارقوڕنە کەمتر نیە، یاریزانانی شێروانە و پێشمەرگەی هەولێر بە جەستە لە یاریگاکەی کەلار دەبن، بەڵام هەموو سەرنجیان لەسەر ئەنجامەکەی چوارقوڕنە دەبێت.

ئەم یارییە پەیوەستە بە یارییەکەی چوارقوڕنە و ئاکرێ، ئەگەر بێتو چوارقوڕنە بتوانێت ئاکرێ بوەستێنێت، ئەو کات خزمەتێکی زۆر بە شێروانە و پێشمەرگە دەکات، بەڵام بە مەرجێک یەکێکیان بتوانێت ئەوی دیکەیان تووشی دۆڕان بکات، بە پێچەوانەوە هیچ لە بابەتە ناگۆڕێت.

پێشمەرگەی هەولێر پێش ئەم یارییە و بە کۆکردنەوەی 48 خاڵ، واتە بە جیاوازی تەنها یەک خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولی نایابی کوردستان، لە دوای ئاکرێ پێشەنگ دێت. لەلایەکی دیکەوە شێروانەی خاوەن یاریگا ئەو یانەیەش خاوەنی 47 خاڵە و بە جیاوازی دوو خاڵ لەگەڵ پێشەنگی خولەکە لە پلەی سێیەم دێت.

شیکارییەکانی کۆتا گەڕی خولی نایابی کوردستان

  • ئاکرێ ئەگەر بتوانێت لە چوارقوڕنە بباتەوە، بەبێ ئاوڕدانەوە بۆ یارییەکەی شێروانە و پێشەرگە دەبێتە پاڵەوان.
  • ئاکرێ ئەگەر بدۆڕێت لە بەرامبەردا شێروانە یاخود پێشمەرگە بردنەوە بەدەستبهێنێت، یەکێک لەو دوو یانەیە دەبنە پاڵەوان.
  • ئاکرێ یەکسان بێت و یارییەکەی دیکەش بە یەکسانبوون کۆتایی بێت، یانەکەی پایتەختی نەورۆز دەبێتە پاڵەوان.