لوکا مۆدریچ بڕیاری کۆتایی دەدات

لوکا مۆدریچ، ناوەڕاستکاری یانەی ریاڵ مەدرید
لوکا مۆدریچ، ناوەڕاستکاری یانەی ریاڵ مەدرید

لوکا مۆدریچ ناوەڕاستکاری کڕواتی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، نزیکەی دوو مانگ لە گرێبەستەکەی ماوە و تاوەکو ئەم ساتە چارەنوسی خۆی لەگەڵ یانەکەی یەکلایی نەکردووەتەوە.

رۆژنامەی وەرزشی ئاسی ئیسپانی بڵاویکردەوە، ناوەڕاستکارە کڕواتیەکەی یانە شاهانەکە ئەم وەرزە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت، بەڵام هێشتان چارەنوسی بۆ وەرزی داهاتوو یەکلایی نەکردووەتەوە، بۆیە بەرپرسانی یانەکەی چاوەڕێ وەڵامی کۆتایی دەکەن.

بەم دواییە سەرۆکی یانەی دینامۆ زەگرێبی کڕواتی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانی رایگەیاند، ئەوان بەو هیوایەن وەرزی داهاتوو لوکا پەیوەندی بە یانەکەیانەوە بکات، بەڵام هەر زوو ئەو دەنگۆیە رەتکرایەوە.

ئەمڕۆ رۆژنامەی ئاس بڵاویکردەوە، مۆدریچ هەموو شتێکی بۆ کۆتایی وەرز دواخستووە و پێش ئەوە هیچ شتێک یەکلایی ناکاتەوە. ئەو یاریزانە سەرەڕای ئەوەی لە یاریی چوونی قۆناغی 16ـی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر لایپزیگ بەشداری پێنەکرا، بەڵام لە 8 یاریی رابردوو لەسەریەک بەشداری یارییەکانی یانەکەی کردووە، هەروەها بڕیارە ئەمشەو بەرامبەر ریاڵ مایۆرکا لە پێکهاتەی سەرەکی یاری بکات.

ئەستێرە کڕواتیەکەی یانەی ریاڵ مەدرید، جگە لە دوو یاری بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو کە کەمتر لە 10خولەک یاریی کرد، لە یارییەکانی دیکە لانی کەم 30 خولەک یاریی کردووە. مۆدریچ 18 جار وەک یاریزانی یەدەگ یاری کردووە و 10 جاریش ڕاستەوخۆ جێگەی کرۆسی گرتووەتەوە. لوکا لە کۆئ 1643 خولەک دوو گۆڵی تۆمارکرد و شەش ئەسیستیشی هەیە.

ئاس بڵاویشی کردووەتەوە بەرپرسانی یانەی ریاڵ مەدرید ئامادەن گرێبەستی ئەو یاریزانە، بۆ ماوەی وەرزێکی دیکە نوێ بکەنەوە، بۆیە چاوەڕێ وەڵامی کۆتایی لوکا مۆدریچ دەکەن.