ئیسرائیل بەهۆی هێرشەکانی ئێران بڕی 1.35 ملیار دۆلار زیانی پێگەیشتووە

K24 - هەولێر:

ئاژانسی ئانادۆڵی تورکی لە زاری میدیاکانی ئیسرائیلەوە دەڵێت، زیانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئابووری ئیسرائیل بڕی 1.35 ملیار دۆلار بووە.

رۆژنامەی یەدیۆت ئاهرانۆتی ئیسرائیلی له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاشکرایکرد، ، لەڕووی بەرگرییەوە ئیسرائیل 1.08 بۆ 1.35 ملیار دۆلار زیانی پێگەیشتووە.

ئەم تێچووەش تەنیا بۆ خستنەخوارەوەی مووشەکەکانی ئێران بووە، واتە زیانە مرۆییەکان و تیچووی ئەو زیانانەی کە بەهۆی مووشەکەکانەوە بە خاکی ئیسرائیل گەیەندراوە، لە دەرەوەی ئەو تێچووەیە.

راشگەیەندراوە، سیستەمی دژەمووشەکی بالیستی ئارۆو، کە دروستکراوی ئیسرائیلە، نرخی یەک مووشەکی ئەو سیستەمە بە 3.5 ملیۆن دۆلارە.

هاوکات خستنەخوارەوەی درۆنەکانیش پێویستی بە سیستەمێکی دیکە هەیە و ئەویش تێچووەکەی جیایە.

پێشتر دانیال هه‌گاری، گوتەبیژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، لە کۆی گشتیدا زیاتر لە 200 مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێرانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراوە.

شەوی شەممە، 13-04-2024، دەوروبەری کاتژمێر 11:00، سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە، هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد. ئەم هێرشەی تاران لە وەڵامی کوژرانی حەوت ئەندامەکەی سوپای پاسداران بوو کە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرانە ئامانج.

دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل، توانیویەتی سەدا 99ـی درۆن و مووشەکەکانی ئێران بخاتە خوارەوە، پێش ئەوەی بگەنە ناو ئەلئەڤیڤ و شارەکانی دیکە. گوتیشی، لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێران؛ کچێکی تەمەن 10 ساڵان بە سووکی لە باشووری ئیسرائیل بریندار بووە.

بە گوتەی بەرپرسە ئەمنییەکانی ئیسرائیل؛ ئێران لە هێرشەکەی شەوی رابردوویدا، 170 درۆن، 30 مووشەکی جۆری "کرووز" و 120 مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و زۆرینەیان خراونەتە خوارەوە. هاوکات بەشێکی ئەو مووشەک و درۆنانە، لە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان خرانە خوارەوە.

هێرشەکەی ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێکەوتەوە؛ یەکێتیی ئەوروپا و هەر یەکە لە وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، سعوودیە و چەندین وڵاتانی دیکەی ناوچەکە "بە توندی" هێرشەکەیان سەرکۆنە کرد. وابڕیاریشە،  ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی هێرشەکە بکات.