"بەر لە هێرشەکان، ئێران و ئەمەریکا پەیامەکانیان لەرێگەی توركیاوه‌‌ بەیەکتر گەیاندووە"

K24 - هەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، هەوڵدراوە کاردانەوەکانی دژ بەیەکی ئێران و ئەمریکا لەرووی قەبارەوە هاوتابن.

دوای هێرشی شەوی رابردووی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراویکدا ئاشکرایکرد، بەر لە هێرشەکان، ئێران و ئەمەریکا پەیامەکانیان لەرێگەی تورکیاوە بەیەکتر گەیاندووە.

هاوکات هەوڵەکان خراوەتەگەڕ بۆ ئەوەی کاردانەوە سەربازییەکانی هەردوو وڵات بەرامبەر بە یەکتر لەرووی قەبارەوە هاوتابن بۆ ئەوەی گرژیەکانی ناوچەکە زیاتر فراوان نه‌بێت.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەختی لەوەشکردووە، ماوەیەکی درێژە هۆشدارییان بە لایەنەکانی شەڕی ئیسرائیل و حەماس داوە، بەوەی دەبنە هۆی فراوانبوونی زیاتری گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.

هاوکات ئەمه‌ریکا لەرێگەی تورکیاوە جەختی لەوەکردووەتەوە، پێویستە ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران لە سنووریکی دیاریکراودا بێت.

شەوی شەممە، 13-04-2024، دەوروبەری کاتژمێر 11:00، سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە، هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد. ئەم هێرشەی تاران لە وەڵامی کوژرانی حەوت ئەندامەکەی سوپای پاسداران بوو کە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرانە ئامانج.

دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل، توانیویەتی سەدا 99ـی درۆن و مووشەکەکانی ئێران بخاتە خوارەوە، پێش ئەوەی بگەنە ناو ئەلئەڤیڤ و شارەکانی دیکە. گوتیشی، لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێران؛ کچێکی تەمەن 10 ساڵان بە سووکی لە باشووری ئیسرائیل بریندار بووە.

بە گوتەی بەرپرسە ئەمنییەکانی ئیسرائیل؛ ئێران لە هێرشەکەی شەوی رابردوویدا، 170 درۆن، 30 مووشەکی جۆری "کرووز" و 120 مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و زۆرینەیان خراونەتە خوارەوە. هاوکات بەشێکی ئەو مووشەک و درۆنانە، لە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان خرانە خوارەوە.

هێرشەکەی ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێکەوتەوە؛ یەکێتیی ئەوروپا و هەر یەکە لە وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، سعوودیە و چەندین وڵاتانی دیکەی ناوچەکە "بە توندی" هێرشەکەیان سەرکۆنە کرد. وابڕیاریشە،  ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی هێرشەکە بکات.