سەرۆکی ئیسرائیل: هێرشەکەی ئێران ڕاگەیاندنی شەڕە

ئیساک هێرزۆک، سەرۆکی ئیسرائیل
ئیساک هێرزۆک، سەرۆکی ئیسرائیل

K24 - هەولێر

سەرۆکی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، هێرشە مووشەک و درۆنییەکەی ئێران و باڵەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگەیاندنی شەڕە. دەشڵێت، "سەرجەم بژاردەکان کراوەن، پاراستنی خەڵکی خۆمان لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە".

ئیسحاق هێرزۆک، سەرۆکی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "هێرشی ئێران و باڵەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگەیاندنی شەڕە و هەموو ئەگەرێک لەبەردەمماندا کراوەیە." ئاماژەی بەوەش کرد، "ئیسرائیل بەدوای شەڕدا ناگەڕێت، بەڵام هەموو کارێک بۆ پاراستنی خەڵکەکەی دەکات."

سەرۆکی ئیسرائیل گوتی، "ئیسرائیل لە سەرەتای دروستبوونییەوە بەدوای ئاشتییەوە بووە. هەموو ئەم کێشانە لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە دەستیان پێکرد، کاتێک لقەکانی ئێران وەکو حەماس هێرشێکی خوێناوییان کردە سەر ئیسرائیل."

ئیسحاق هێرزۆک ئەوەشی خستەڕوو، "ڕای هاوپەیمانەکانمان بەلاوە گرنگە، بەڵام هەموو کارێک بۆ بەرگریکردن لە خەڵکەکەمان دەکەین. ئێران و باڵەکانی هێرشی فراوانیان کردە سەرمان، ئەمە وەک ڕاگەیاندنی شەڕی راستەقینە وایە دژی ئێمە. سەرجەم بژاردەکان کراوەن، پاراستنی خەڵکی خۆمان لەسەر هەموو شتێکەوەیە".

شەوی شەممە، 13-04-2024، دەوروبەری کاتژمێر 11:00، سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە، هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد. ئەم هێرشەی تاران لە وەڵامی کوژرانی حەوت ئەندامەکەی سوپای پاسداران بوو کە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرانە ئامانج.

دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل، توانیویەتی سەدا 99ـی درۆن و مووشەکەکانی ئێران بخاتە خوارەوە، پێش ئەوەی بگەنە ناو ئەلئەڤیڤ و شارەکانی دیکە. گوتیشی، لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێران؛ کچێکی تەمەن 10 ساڵان بە سووکی لە باشووری ئیسرائیل بریندار بووە.

بە گوتەی بەرپرسە ئەمنییەکانی ئیسرائیل؛ ئێران لە هێرشەکەی شەوی ڕابردوودا، 170 درۆن، 30 مووشەکی جۆری "کرووز" و 120 مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و زۆرینەیان خراونەتە خوارەوە. هاوکات بەشێکی ئەو مووشەک و درۆنانە، لە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان خرانە خوارەوە.

هێرشەکەی ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێکەوتەوە؛ یەکێتیی ئەوروپا و هەر یەکە لە وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، سعوودیە و چەندین وڵاتانی دیکەی ناوچەکە "بە توندی" هێرشەکەیان سەرکۆنە کرد. وابڕیاریشە،  ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی هێرشەکە بکات.