نزیکەی دوو سەد هەزار گەشتیار بۆ جەژن هاتوونەتە هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاریی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24 ی ڕاگەیاند، بۆ بەسەربردنی پشووەکانی جەژنی ڕەمەزان لە شەش ڕۆژدا نزیکەی 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتیشی: لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار گەشتیان سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاریی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی ئەو ئامارەی لە سێ مانگی ڕابردوو بۆ هاتنی گەشتیاران تۆمار کراوە، گەشبینی خۆیی دەربڕی و ئاماژەی دا، چاوەڕێ دەکەن بۆ هاوینی ئەمساڵ ڕێژەی هاتنی گەشتیاران بەرز ببێتەوە بەراورد بە ساڵی پار کە زیاتر لە حەوت ملیۆن گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەدان بە کەرتی گەشتیاری لە چوار ساڵی ڕابردوودا بایەخێکی زیاتری بە بەهێزکردنی ژێرخانی گەشتیاری داوە، ئەمەش لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەت بۆ فرە چەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات بۆ ئەمەش بە بەهای چوار ملیار و 500 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لەو کەرتە کراوە. بە گوتەی ئیبراهیم عەبدولمەجید ئێستا کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 42%. لە پێشەوەی هەموو سێکتەرەکانی دیکەوەیە.