سەفین دزەیی: سوودانی رژدە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، سوودانی لەگەڵ ئەوەیە نەوتی هەرێمی کوردستان دووبارە هەناردە بکرێتەوە، هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق رژدە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بایدن جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە دیالۆگ کردەوە. هاوکات دەڵێت: سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ئەمەریکا گرنگە.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: لە کۆبوونەوەی نێوان سوودانی و بایدن، تەوەری گرنگ تاوتوێ کران.

سەفین دزەیی، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، سوودانی لەگەڵ ئەوەیە کە نەوتی هەرێمی کوردستان دەبێت بە زووترین کات هەناردە بکرێتەوە، بەڵام وەک خۆی باسی کرد، دوو گرفتیان لەبەردەمە پێویستە سەرەتا چارەسەری بکەن.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، حکومەتی عێراق داوای کردووە کە پێداچوونەوە بە رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی لەگەڵ ئەمەریکادا بکرێت و گۆڕانکاری لە هەندێک خاڵیدا بکرێت.

سەفین دزەیی، لەبارەی ناردنی شایستە داراییەکان بۆ هەرێمی کوردستان، هیوادارە بابەتی مووچە نەبێتە کارتێکی فشار و بابەتی گەرمی میدیاکان، هاوکات گوتی: سوودانی جددییە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.