پەیەدە: چەكدارانی ئێران لە حەسەكە دژی یەپەگە شەڕ دەكەن

K24 - ھەولێر

هاوسەرۆکی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە)، رایگەیاند، لە شەڕەكانی چەند رۆژی رابردووی نێوان هێزەکانی یەپەگە و چەكدارانی رژێمی سووریا لە شاری حەسەکە، چەندین جار ھێزەكانی یەپەگە و ئاسایش لە نزیکەوە رووبەڕووی چەکدارانی کۆماری ئیسلامی و حزبوڵڵای لوبنان بوونەتەوە.

ئاسیا عەبدوڵڵا ھاوسەرۆكی پەیەدە بە رادیۆ فەردای راگەیاند: "هێزێک بە ناوی " بەرگری نیشتمانی" لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە رێکخراوە و دەیەوێت لە حەسەکە و قامیشلۆ کێشە دروست بکات".

دەڵێ: "بەبێ یارمەتییەکانی کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی لایەنگەری حکوومەتی سووریا، بەشار ئەسەد ناتوانێت دژ بە کوردان هەنگاو بنێت".

هاوسەرۆکی پەیەدە هەروەها باسی لەوەشكردووە: "دوای رزگارکردنی منبج لە لایەن کوردەوە و هەوڵدانی کورد و لایەنگرانیان بۆ دامەزراندنی حکوومەتی فیدڕاڵی لە رۆژئاوای کوردستان، هەوڵەکانی تورکیا و ئێران و سووریا بۆ رێگریکردن لە پێکهێنانی ئەو حکوومەتە چڕتر بوونەتەوە".