ئەمڕۆ ئیسرائیل بڕیار لەبارەی چۆنییەتی وەڵامدانەوەی ئێران دەدات

کۆبوونەوەیەکی کابینەی جەنگی ئیسرائیل (وێنە: ئەرشیف)
کۆبوونەوەیەکی کابینەی جەنگی ئیسرائیل (وێنە: ئەرشیف)

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ کابینەی جەنگی ئیسرائیل سێیەم کۆبوونەوەی خۆی سەبارەت بە چۆنییەتی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران دەکات.

دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، هەرچەندە بڕیاربوو سێیەم کۆبوونەوەی کابینەی جەنگی ئیسرائیل لە رۆژی سێ شەممە بەڕێوەبچیت، بەڵام لەسەر داوای بنیامین ناتانیاهۆ کۆبوونەوەکە بۆ ئەمڕۆ دواخراوە.

دەستەی پەخشی ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە، زۆرینەی ئەندامانی کابیەنی جەنگ لەگەڵ هێرشکردنە سەر ناوچە هەستیارەکانی ئێرانن، بەڵام ناتانیاهۆ ئەم پێشنیازەی رەتکردووەتەوە.

هاوکات، میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە داوە، لە هێرشە چاوەڕوانکراوەکەیدا ئیسرائیل ژێرخانەکانی ئێران بەئامانج دەگرێت وەک لە سەرکردە سەربازییەکانیان.

شەوی شەممە، 13-04-2024، دەوروبەری کاتژمێر 11:00، سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە، هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد. ئەم هێرشەی تاران لە وەڵامی کوژرانی حەوت ئەندامەکەی سوپای پاسداران بوو کە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرانە ئامانج. 

دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل، توانیویەتی سەدا 99ـی درۆن و مووشەکەکانی ئێران بخاتە خوارەوە، پێش ئەوەی بگەنە ناو ئەلئەڤیڤ و شارەکانی دیکە. گوتیشی، لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێران؛ کچێکی تەمەن 10 ساڵان بە سووکی لە باشووری ئیسرائیل بریندار بووە.

بە گوتەی بەرپرسە ئەمنییەکانی ئیسرائیل؛ ئێران لە هێرشەکەیدا، 170 درۆن، 30 مووشەکی جۆری "کرووز" و 120 مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و زۆرینەیان خراونەتە خوارەوە. هاوکات بەشێکی ئەو مووشەک و درۆنانە، لە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان خرانە خوارەوە.

هێرشەکەی ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێکەوتەوە؛ یەکێتیی ئەوروپا و هەر یەکە لە وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، سعوودیە و چەندین وڵاتانی دیکەی ناوچەکە "بە توندی" هێرشەکەیان سەرکۆنە کرد.