بە هەزاران هاووڵاتیی ئێزدی لە لالش جەژنی ساڵی نوێیان پیرۆز کرد

ڕێوڕەسمی جەژنی سەری ساڵی نوێی ئێزدی - لالش
ڕێوڕەسمی جەژنی سەری ساڵی نوێی ئێزدی - لالش

K24 - هەولێر

بە هەزاران هاووڵاتیی ئێزی بە جلوبەرگی ڕەسەن لە پەرستگەی لالش کۆبوونەتەوە جەژنی ساڵی نوێ و جەژنی چارشەما سۆر دەگێڕن و دەمەو ئێوارەش بە نزا و داگیرساندنی چراکانیان لالش ڕووناک دەکەنەوە.

هاووڵاتییانی ئێزدی بە بۆنەی سەری ساڵی نوێیان لە لالش کۆبوونەتەوە و ڕێوڕەسمی جەژنە پیرۆزە دەگێڕن، بە هەزاران هاووڵاتیی بۆ بەشداری کردن لەم جەژنە کۆبوونەتەوە و لە نێویاندا خاتوو هندێ ئەلیاس کە خەڵکی باکووری کوردستانە و نیشتەجێی ئەڵمانیایە یەکەمجارە لە لالش بەشداری لەم ڕێوەڕەسمە دەکات و دڵخۆشیی خۆیی دەربڕی و لە ڕێگەی مایکی کوردستان24 ـەوە پیرۆزبایی خۆیی بۆ تەواوی کۆمەڵگەی ئێزدی نارد و گوتی: ئەم جەژنەی چوارشەممە لە تەواوی ئێزدیان لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی پیرۆز بێت، ئەمە یەکەمجارە دێمە لالش و نازانم چی بڵێم بەڵام جەژنی ئێردیان لێرە زۆر خۆشە و بۆیە پیرۆزباییان لێدەکەم و هەر کەسێکیش بییەوێت دەتوانێت بێت لە لالش تەواوی خۆی بکات، بەڵام لە غەریبێتیدا هیچ کات دەرفەتێکی بەمشێوەی ناڕەخسێ هەمووان کۆببنەوە".

بۆ جەژنی ساڵی نوێی ئێزدی، ئەم ساڵ زیاتر لە پێنج هەزار پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی لە لالش کۆبوونەوەتەوە بە جلوبەرگی ڕەسەن و داب و نەریتی کولتووری تایبەت بە خۆیان ڕێوڕەسمی تایبەت بەم جەژنە دەگێڕن و جەژنە پیرۆزە لە یەکتری دەکەن.

لە بارەی نەریتی داگیرساندنی مۆم لەم جەژنەدا، فەیسەڵ کوتی، ڕۆشبیری ئێزدی بۆ کوردستان24 ئاماژەیدا "ئێوارەی جەژنی ساڵی نوێ بەدەم داگیرساندنی چرایەکەوە هەر کەسە و نزا و پاڕانەوە دەکات، ئەمەس نەریتێکی جوانە و کۆمەڵگەی ئێزدی دڵخۆش دەکات.

 

کچە ئێزدییەک بە جلوبەرگی ڕەسەنەوە لەگەڵ ناردنی پەیامی جەژنە پیرۆزە بۆ خێزان و بنەماڵە و کەسوکارەکانی بۆ کوردستان24 گوتی: ئەم ئێوارەیە ڕۆژێکی خۆشە و هەموو هاووڵاتییان لێرە کۆبوونەتەوە و چراکانیان دادەگیرسێنن و ئەم جەژن و ئێوارەیە کە ئێوارەی چارشەما سۆرە بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی زۆر پیرۆزە".

هاووڵاتییانی ئێزدی بە دەم هەلهەلە لێدان و خۆشی دەربڕینەوە لە هەموو تەمەنە جیاوازەکانەوە لە لالش کۆبوونەتەوە و چاوەڕوانن لەگەڵ نزیکبوونەوەی تاریکی ئێوارەی چارشەما سۆردا لەگەڵ باباشێخ و پیاوانی ئایینی بە داگیرسانی چراکانی دەستیان و نزا کردنەوە پەرستگەی لالش رووناک بکەنەوە کە ئەمەش بەشێک لە ڕێوڕەسمە تایبەتەکانی ئەم جەژنە.