نەرمین مەعروف: دوای گەڕانەوەی شاندی حکوومەت هەمواریی یاسای بودجە دەچێتە پەرلەمان

K24 - هەولێر

ئەندامی لیجنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی دەتوانین بڵێین بابەتی مووچە بەتەواوی یەکلایی بووەتەوە، دەشڵیت: هەرکات پلەبەرزکردنەوە لەگەڵ لیستی مووچەی مووچەخۆران، بووە ژمارە و لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەوانە کرا، ئەوان وەکو وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لارییان نییە و مووچەکەیان بۆ خەرج دەکرێت.

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیجنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، گوتی ئەمڕۆ کاتژمێر 5:30ـی ئێوارە پانێلێک لە دیداری هەشتەمی سلێمانی هەیە کە لە زانکۆی ئەمەریکی-سلێمانی بەڕێوەدەچێت، کە تایبەتە بە بودجە و سیاسەتی دارایی، کاریگەرییەکانی بودجەی سێ ساڵەی حکوومەتی فیدراڵ لەسەر ناوخۆ و دەرەوە.

نەرمین ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی ئەتوانین بڵێین ئەو بابەتە بەتەواوی یەکلایی بووەتەوە، هەروەها لە چەند مانگی ڕابردووشدا لەگەڵ بڕیاری دادگای فیدراڵی هەوڵێکی چڕوپڕ لەسەر ئاستی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەن و هێزە سیاسییەکان، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکە و لایەنەکانی عێراقی هەبوو، بۆ بابەتی چارەکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆران.

ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: تێگەیشتنێک هەبوو کە لە هەمواری بودجەی 2024دا مووچەی مووچەخۆران وەکو خەرجی حاکیمە هەژمار بکرێت، هەروەها لەهەر کێشمەکێشێکی سیاسی نێوان هەرێم و بەغدا بەدەر بکرێت، هەربۆیە چاوەڕوان دەکرێت دوای هاتنەوەی شاندی حکوومەتی عێراق لە ئەمەریکا، هەمواری یاسای بودجە ڤگاتە پەرلەمان. وە لەناو ئەو هەموارە پرسی مووچە لە چوارچێوەی بڕیاری دادگای فیدراڵی، لە ڕووی ژمارە و پارە بکرێتە بڕگەیەکی یاسایی، کە ئەمەش گرێنتییەکی زیاتر بەمووچەی مووچە خۆران دەدات و ئەو کێشەیە نامێنێت.

لەسەر بابەتی پلە بەرزکردنەوە باسی لەوە کرد، دوێنێ سێشەممە، ئێمە کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەڕێوەبەری ژمێرکاری و بەڕێوەبەری بودجەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ، گوتیشی: من پرسیاری ئەوەم کرد، ئەوان چاوەڕوانی هەرێمی کوردستان دەکەن، کە هەرکات پلەبەرزکردنەوە لەگەڵ لیستی مووچەی مووچەخۆران، بووە ژمارە و لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەوانە کرا، ئەوان وەکو وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لارییان نییە و مووچەکەیان بۆ خەرج دەکرێت. واتە ئەوان چاوەڕوانی هەنگاوی حکوومەتی هەرێمن بۆ دووبارە بەرزکردنەوەی پلەی مووچەخۆران.