ناسنامەی 30 یانەی بەشداربووی مۆندیالی یانەكان ئاشكرا بوون

جیانی ئینفانتینۆ سه‌رۆكی فیفا
جیانی ئینفانتینۆ سه‌رۆكی فیفا

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ناسراو بە (فیفا) رایگەیاند یانەكانی ئوڵسانی كۆریای باشوور هاوشانی هیلالی سعوودیە و ئوراوای ژاپۆنی خۆیان گەیاندە مۆندیالی 2025ـی یانەكان، بەمەش ژمارەی یانە بەشداربووەكان گەیشتە 30 یانە، تەنیا ناسنامەی 2 یانە ماوە یەكلایی بكرێتەوە.

بڕیارە بۆ یەكەمجار لە وڵاتی ئەمریكا لە هاوینی 2025 مۆندیالی یانەكان لە ماوەی 28 رۆژ بە بەشداریی 32 یانە بەڕێوە بچێت، پاڵەوانێتییەكەش هاوشێوەی مۆندیالی هەڵبژاردەكان دەبێت، یانەكان بەسەر 8 كۆمەڵە دابەش دەبن، قۆناغی دوای كۆمەڵەكانیش لە یەك یاریی دا براوە یەكلایی دەكرێتەوە و دۆڕاویش لە پاڵەوانێتییەكەش دووردەخرێتەوە.
یانەی بارسێلۆنا ناتوانێت بەشداریی مۆندیالی یانەكان بكات، بەڵام یانەكانی ئاتڵێتیكۆ مەدرید و ریال مەدرید بلیتی ئەو پاڵەوانێتییەیان مسۆگەر كردووە.
لە ئەڵمانیاش یانەكانی دۆرتمۆند و بایرن میونشن بەشداریی دەكەن، پاریس سانجێرمانیش تاكە نوێنەری فەرەنسایە، لە ئیتاڵیاش یانەكانی یوڤێنتۆس و ئینتەر میلان بەشداریی دەكەن، پۆرتوگالیش بە 2 نوێنەر ئامادە دەبێت كە پێكهاتوون لە یانەكانی بێنفیكا و پۆرتۆ.
یانەكانی مانچێستەر سیتی و چێڵسی ناویان لە نێو لیستی یانە بەشداربووەكان دایە، تا ئێستا بەرازیل زۆرترین نوێنەری لە مۆندیالی 2025ـی یانەكان هەیە كە 3 یانە بەشداریی دەكەن كە بریتین لە (فلۆمێنسی، فلامینگۆ و پاڵمێراس)، لە بەرامبەردا هیچ یانەیەكی ئارجێنتینای تێدا نییە، دوو یانەی مێكسیكی (لیۆن و مۆنتینێری) لەگەڵ یانەی سیاتلی ئەمریكا و ئۆكڵاندی ئوسترالیا سەركەوتنیان بۆ ئەو پاڵەوانێتییە مسۆگەر كردووە.
لە كیشوەری ئەفریقیا یانەكانی ئەهلی میسری و ویدادی مەغریبی گەیشتوونەتە مۆندیالی یانەكانی 2025.
لە لایەكی دیكەیشەوە، ئوڵسانی كۆریای باشوور و ئوراوای ژاپۆنی بۆ ئەو پاڵەوانێتییە سەركەتوون، چاوەڕێی یەكلاییبوونەوەی ناسنامەی پاڵەوانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا دەكرێت بۆ ئەوەی نوێنەرەكانی كیشوەری ئاسیا لە مۆندیالی یانەكان ببنە 3 یانە.
بلیتێكی دیكەی مۆندیالی یانەكانی 2025 لە یاریی كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپای ئەم وەرزە یەكلایی دەكرێتەوە و بەمەش ژمارەی یانەكان دەبنە 32 یانە، ئەمەش دەبێتە یەكەمجار لە مێژوودا ئەم ژمارە زۆرانە بەشداریی بكەن.

.
.