گوتەبێژی ئەپیکور: گفتوگۆی نوێ سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکرێت

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ناسراو بە "ئەپیکور"
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ناسراو بە "ئەپیکور"

K24 - هەولێر

گوتەبێژی ئەپیکور ڕایدەگەیەنێت، سوودانی و بایدن بە "گرنگییەوە باسیان لە دەسپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا کردووە". دەشڵێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا گفتوگۆی نوێ سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەکرێت.

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ناسراو بە "ئەپیکور"، لەبارەی سەردانەکەی سوودانی بۆ واشنتن و هەوڵەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان؛ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "هەفتەیەکی باش بوو لە واشنتن کە تێیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆک بایدنی بینی. هەمووان دەزانن دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆری نەوتی تورکیا-عێراق بۆ هەردوو سەرکردەکە گرنگە".

مایڵز کاگینز گوتی، "پێش چەند مانگێک ئێمە لەوە دڵنیا نەبووین کە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەبێتە بابەتی ئەجێندای کۆبوونەوەی سوودانی و بایدن؛ بەڵام بوو بە یەکێک لە باسەکان. کۆشکی سپی باسی ئەم بابەتەی بە روونی کردووە و دەڵێت دەبێت بەزووی چارەسەری بکەن".

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەکو ئەوەی گوتەبێژی ئەپیکور دەڵێت، "بابەتێکە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تەنانەت سەرۆکی تورکیاش داوای هەناردەکردنەوەی دەکات، ئەمە شتێکە نییە کە گرنگ نەبێت. ڕاگرتنەکەی زیانی 14 ملیار دۆلاری لە عێراق داوە. ئەم زیانە بەر سەرجەم ناوچەکانی عێراق کەوتووە".

گوتەبێژی ئەپیکور جەخت لەوە دەکاتەوە، "وەک ئەپیکوور ئەو شتانەمان پێشکەشکردووە کە پێویستن بۆ رێککەوتنی نوێ. دەمانەوێت رێککەوتنەکان وەک ئەوەی ئێستا هەن بمێننەوە. ئەگەر بشچنە بەردەستی بەغداوە".

مایڵز کاگینز باسی لەوەش کرد، "ئەگەر نەوت دیسان بە بۆڕی بنێرینەوە پێویستە بزانین کێ کرێ و شایستەکانمان دەدات؟ پێشبینی دەکەین رێکاری نوی بگیرێتەبەر و هیواخوازین رێککەوتنی نوێ بکرێت."

هاوکات بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی کۆشکی سپی لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا؛ جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیان لە گەیشتنی نەوتی عێراق بە بازاڕەکانی جیهان کردووەتەوە و خواستیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکی دەربڕیوە.

له‌ 25ی ئاداری 2023ـەوە دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس، هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیاوە ڕاگیراوە، هەرچەندە چەند گەڕێکی دانووستان لە نێوان به‌غدا، هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ بۆ دەست پێکردنەوەی هەناردەی نەوت بەڕێوەچوو، بەڵام تا وەکوو ئێستا نەگەیشتووەتە ئەنجام، هەروەها بڕیارە دوای گەڕانەوەی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئەمەریکا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا سەردانی بەغدا بکات کە جیا لە پرسی ئاسایشی تورکیا و چەکدارانی پەکەکە، هەناردەکردنەوەی نەوت تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکانی بێت لەگەڵ حکوومەتی عێراق.