ململانێی سووننەکان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پێی ناوەتە قۆناغێکی هەستیار

دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق (ئەرشیف)
دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق (ئەرشیف)

K24 - هەولێر

شەعلان کریم کشانەوەی خۆی لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند و دەڵێت، لە پارتی تەقەدوومیش جیابووەتەوە و لەمەودوا وەک پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ بەردەوام دەبێت.

کشانەوەی کاندیدی هاوپەیمانی تەقەدووم، ململانێی سوونەکانی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بردە قۆناغێکی هەستیار و یەکلاکەرەوە. بەشێک لە سەرکردە سوونەکانیش هۆشداری دەدەن بەهۆی ناکۆکییەکانەوە ڕەنگە تا کۆتایی ئەم خولە نەتوانرێت سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان دیاری بکرێت.

لە هەنگاوێکی چاوەڕوان نەکراودا، شەعلان کریم، کاندیدی پارتی تەقەدوومی محەممەد حەلبووسی و خاوەنی زۆرترین دەنگ لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، کشانەوەی خۆی لە کاندیدبوون بۆ پۆستەکە ڕاگەیاند.

 شەعلان کریم نەک تەنها لە کاندیدبوون بۆ سەرۆکی پەرلەمان کشایەوە، بەڵکوو لە هاوپەیمانی تەقەدوومیش جیابووەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەوە کردەوە، لەمەودوا وەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ درێژە بەکارکردن لە پەرلەمان دەدات.

دوا بەدوای بڕیاری کشانەوەی، لایەنگرانی هاوپەیمانی تەقەدووم و محەممەد حەلبووسی هەڵمەتێکی میدیاییان دژی شەعلان کریم ئەنجامداوە و بە رێککەوتن لەگەڵ لایەنە شیعەکان تۆمەتبارییان کرد.

بەشێک لە ئەندام و پەرلەمانتارانی پارتی تەقەدووم جەخت لەوە دەکەنەوە، لە ئەگەری بەردەوامی ناکۆکییەکان گەڕانەوەی محەممەد حەلبووسی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەگەرێکی کراوەیەوە، هیچ رێگرییەکی سیاسی و یاسایش بۆ ئەم بابەتە نییە.

کشانەوەی شەعلان کریم چانسی سالم عیساوی کاندیدی هاوپەیمانی سیادەی خەمیس جەنجەری بۆ بوون بەسەرۆکی پەرلەمان بەهێزکردووە، ئەگەر لە ماوەیەکی نزیکدا تەقەدووم جێگرەوەیەک بۆ شەعلان کریم دیاری نەکات.

لە 14ی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە محەممەد حەلبووسی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لادراوە و پۆستەکە بە وەکالەت لەلایەن موحسین مەندەلاوییەوە بەڕێوەدەبرێت. لەگەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانیش شەعلان کریم کاندیدی تەقەدووم 152 دەنگ و سالم عیساوی کاندیدی سیادە 97 دەنگیان بەدەست هێنا.

تا ئێستا هاوپەیمانی سیادەی سوونەکان بە هاوبەشی حەسم و عەزم سوورن لەسەر ئەوەی سەرۆکی داهاتووی پەرلەمان لای خۆیان بێت، پارتی تەقەدوومی محەمەد حەلبوسیش هیچ سازشێک ناکات و جەخت لە هێشتنەوەی پۆستەکە لای خۆیان دەکات.