قەرەچەتانی: گرنگە منداڵ بە خوێندنەوە پەروەردە بکرێت

K24 - هەولێر

توێژێکی کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، ئەو پەروەردەیەی کە هەیە ئێستە، دەگەڕێتەوە بۆ ئێمە کە لە منداڵییەوە منداڵەکانمان پەروەردە نەکردووە بە کتێب خوێندنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی نیسانی 2024، د. کەریم شەریف قەرەچەتانی، مامۆستای زانکۆ و توێژەر و نووسەری کۆمەڵایەتی، لە میانی گەشتی هەواڵی کوردستان 24 لە 16یەمین پێشانگەی نێودەولەتی هەولێر ڕایگەیاند، کتێبەکانی ئەم پێشانگەیە هەمەجۆرن و هەر کەسێک بێت دەتوانێت بەشی خۆی کتێب بکڕێت.هەموو جۆرە کتێبێکی تێدایە.

دەربارەی بەکارهێنانی موبایل لەجێگەی کتێب ئەو توێژەرە دەڵێت: "جۆرێک لە خوێندنەوەی کتێب هەیە، پێی دەڵێن خوێندنەوەی ئەلیکترۆنی، ئەگەر موبایلەکەشی بەکاربهێنێت، حەز و ئارەزووت بۆ کتێب خوێندنەوە هەبێت و نەشیەت بۆ پێشانگە، دەتوانێت هەزاران کتێب داونڵۆد بکات لەموبایلکەیدا بۆ خوێندنەوە. چەندان کەسانی خۆبەخش کتێبیان کردووە بە PDF بۆ ناو ئاپەکانی موبایل، بۆ ئەوەی کەسانی خوێنەر سوودی لێببینن". ئەوەی کێشە بێت ئێستە چەند کەسانێکمان هەیە لە ماڵەوە نێرگەلەی بەدەستەوەیە بە موبایلەکەی سەیر هەندێک بابەتی بێمانا دەکات، ناڕوات کتێبێک بخوێنێتەوە.

بەگوتەی ئەو، "ئەو پەروەردەیەی کە هەیە ئێستە، دەگەڕێتەوە بۆ ئێمە کە لە منداڵییەوە منداڵەکانمان پەروەردە نەکردووە بە کتێب خوێندنەوە، ئەوە بابەتێکە دەبێت دایک و باوکان گرنگی بە پەروەردەی منداڵەکانیان بدەن، لە ڕووی زانستییەوە دەرکەوتووە لەگەڵ هەموو ئەو توێژینەوانەی کە هەیە، دەرکەوتووە ئەوانەی دەخوێننەوە "تەمەنیان درێژترە، زیرەکترن و بە تواناتریشن" دەیان توێژینەوە لەسەر ئەوە کراوە. لەلایەنی ئاینیشەوە ئەگەر خەڵکی ئیماندارە، یەکەم وشە بۆ پێغەمبەری خوا هاتە خوارەوە "ئیقرا" بووە، بە واتەی بخوێنەوە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئێمە ناخوێنینەوە."

کەریم قەرەچەتانی دەشڵێت: "پەروەردەی منداڵ کەوتووەتە ئەستۆی دایک و باوک و مامۆستا کە نەتوانراوە ئەو منداڵە وا فێربکات بخوێنێتەوە، زۆربەی دایک و باوکانیش ئامادە نین گۆڤارێک بۆ منداڵەکانیان بکرن".