مەریوان عەبدولسەلام: ژمارەیەکی زۆری پاسپۆرت لە نووسینگەکان ماونەتەوە

مەریوان عەبدولسەلام، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر
مەریوان عەبدولسەلام، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر، داوا لە هاووڵاتییان دەکات سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت بکەن و پاسپۆرتەکانیان وەربگرنەوە. لەبارەی پاسپۆرتە ئەلیکترۆنییەکەش دەڵیت: نرخی پاسپۆرتەکە 91 هەزارە و هاووڵاتیی کاتێک مامەڵەی دەرهێنانی پاسپۆرتەکە دەکات لە ماوەی چەند کاتژمێرکدا دەتوانێت وەریبگرێتەوە.

مەریوان عەبدولسەلام، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، لە چوار نووسینگە لەسەر ئاستی هەولێر ژمارەیەکی زۆر لە پاسپۆرتی هاووڵاتییان تەواوبوونە و تا ئێستا نەهاتوونە وەریگرنەوە.

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر، دەڵێت: پێویستە هاووڵاتییان سەردانمان بکەن و پاسپۆرتەکانیان وەربگرنەوە، هەروەها ئەو هاووڵاتییانەی کە دەیانەوێت پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنی دەربێنن سەرەتا دەبێت بێن پاسپۆرتە کۆنەکە لەلای ئێمە ببەنەوە ئینجا مامەڵەی دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی بکەن.

مەریوان عەبدولسەلام، لەبارەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی ئاماژەی بەوەدا، سەرەتا دەبێت هاووڵاتی لە ڕێگەی ئەپلیکەیشنەوە نۆرە دابنێت و ئینجا کە نۆرەی هات پێویستە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت بکات و لە ماوەی چەند کاتژمێرێک مامەڵەکەی تەواو دەبێت و هەمان رۆژ دەتوانێت پاسپۆرتەکەی وەربگرێتەوە.

ناوبراو گوتی: نرخی پاسپۆرتە ئەلیکترۆنییەکە 91 هەزارە و لە رێگەی هەژماری ئەلیکترۆنیەوە دەبێت پارەکەی بدرێت، ئەگەر هاووڵاتی هەژماری ئەلیکترۆنییا نەبێت ناتوانێت ببێتە خاوەن پاسپۆرتە نوێیەکە.

ئەمڕۆ هەینی (19ـی نیسانی 2024) هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاندبوو، "چوار هەزار پاسپۆرت لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەولێر تەواو بووە و خاوەنەکانیان ناچن وەریان بگرنەوە، هەیانە ساڵ و چەند ساڵی بەسەردا تێ پەڕیووە".

میرانی ئاماژەی بەوەش دابوو "کاتێک فشار لەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکانمان هەیە و ئێستاش ئەوەتا پاسپۆرتەکانیان دەرچووە و پارەیان خەرج کردووە ناچن وەریبگرنەوه‌".

گوتبووشی: هاووڵاتییانی هەولێر، تکایە بڕۆن پاسپۆرتەکانتان وەربگرنەوە، تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەولێر بە تەلەفون ئاگادارتان دەکەنەوە.