ئۆکرانیا: فڕۆکەیەکی ڕووسیامان خستە خوارەوە
K24 - هەولێر
هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا، ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی ستراتیجیی توپۆلیڤ " Tu-22M3"ڕووسیامان لە دووری نزیکەی 300 کیلۆمەتر لە خاکی ئۆکرانیاوە خستووەتە خوارەوە.
گۆڤاری "پۆلیتیکۆ" بڵاوی کردەوە، هەواڵگریی سەربازیی ئۆکرانیا پشتڕاستی کردووەتەوە، کە "ئەو فڕۆکە ڕووسیەی پێکراوە، توانیویەتی خۆی بگەیێنێتە ناوچەی ستاڤرۆپۆل لە ڕووسیا، لەوێ کەوتووەتە خوارەوە".
هەواڵگریی سەربازیی ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە، سوپای ئۆکرانیا هەمان ئامرازی بەکارهێناوە بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکە کە پێشتر بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی سیخوڕی A-50 بەکارهاتووە، لەسەر دەریای ئازۆڤ لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا.
ئەو گورزە لە کاتێکدایە کە ئۆکرانیا بەدەست کەمیی سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەیەوە گیرۆدە بووە، داواش لە هاوپەیمانەکانی ناتۆ دەکات بە سیستمی پێشکەوتووی پاتریۆت پشتیوانی لێ بکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە دووبارەبووەکانی ڕووسیا.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگەوە لە شوباتی 2022، ئۆکرانیا هێرشی توندی کردووەتە سەر ژمارەیەک چەکی ستراتیجیی ڕووسیا، لەوانەش کەشتیی بەناوبانگی مۆسکڤا لە دەریای ڕەشدا.
هەروەها ئۆکرانیا هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانە سەربازییەکانی ڕووسیا و فڕۆکە جەنگییە سووکەکانی تێک شکاندووە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی بەشدارن لەو شەڕەدا کە زیاتر لە دوو ساڵە بەردەوامە.
فڕۆکە بۆمباهاوێژە پێشکەوتووەکەی Tu-22M3 یەکێکە لە چەکە تازەکانی هێزی ئاسمانیی ڕووسیا، بەهۆی باڵەکانییەوە دەناسرێنەوە و زۆر خێرایە بۆ مانۆکردن، هەروەها مووشەکەکانی لە دووری زیاتر لە 2200 مەترەوە ئامانجەکانی دەپێکێت.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیاش لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، فڕۆکەکە لەکاتی گەڕانەوەی لە ئەرکێکدا لە ئۆکرانیا بەهۆی تێکچوونی کەوتووەتە خوارەوە، لەهەمان کاتدا دانیشتوانی شاری ستاڤرۆپۆل گرتەی ڤیدیۆیی فڕۆکەیەکی سووتاویان لە ئاسمانەوە بڵاو کردەوە.
For the first time, the Russian long-range strategic bomber Tu-22M3 (carrier of Kh-22 cruise missiles), striking the Odessa region, was destroyed.
— BSA (@BSA32747289) April 19, 2024
It was destroyed in the Stavropol Territory (Russia) 300 km from the border with Ukraine from an S-200 anti-aircraft missile system pic.twitter.com/lvQw9aAyYh