توێژینەوەیەک زیانە ئابوورییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ئاشکرا دەکات

K24 - هەولێر

توێژینەوەیەکی ئەم دواییانە کە گۆڤاری زانستی بەریتانی "Nature" بڵاوی کردووەتەوە، ئاشکرای کردووە، ئەگەری زۆرە گۆڕانی کەشوهەوا، تاوەکو ساڵی 2049، نزیکەی 38 تریلیۆن دۆلار زیان بە ئابووری جیهان بگەیێنێت.

 توێژینەوەکە لەلایەن سێ زانای پەیمانگای "پۆتسدام" بۆ لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی کەشوهەوا لە ئەڵمانیا کراوە، تیشکیان خستۆتە سەر کاریگەرییە ئابوورییەکانی کەشوهەوا لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا لە نزیکەی هەزار و 600 ناوچەی جیهان، هەروەها پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکان تا ساڵی 2049، بەردەوام بێت.

توێژەران لێکۆڵینەوەیان لە کاریگەرییە ئەگەرییەکانی گۆڕانی پلەی گەرمیی ڕۆژانە، کۆی بارانی ساڵانە، بارانی ڕۆژانەدا کردووە، ئەمە جگە لەو گۆڕانانەی کە لە ڕێگەی تێکڕای گۆڕانی پلەی گەرمی ڕوودەدەن.

 ئەندرەس لیڤەرمان، بەشداربوویەکی توێژینەوەکە بە ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمەریکی ڕاگەیاند، گۆڕانی تێکڕای پلەی گەرمیی ساڵانە دەبێتە هۆی گۆڕانی ڕێژەی گەشەی ئابووری، کە ماوەی 8 بۆ 10 ساڵ بەردەوام دەبێت.

دەشڵێت: "توێژینەوەکە لەگەڵ توێژینەوەکانی پێشوودا یەک دەگرێتەوە، بەڵام زیانی زیاتر دۆزراوەتەوە، کە دەری دەخات وڵاتانی دەوڵەمەندیش بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا تووشی لێکەوتەی ئابووری گەورە دەبنەوە".

 لیڤەرمان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە تەنها لە ڕووداوەکانی کەشوهەوا سەرهەڵ نادات، بەڵکو لە ڕێگەی پچڕانی ئابوورییشەوە سەرهەڵدەدات کە دەستنیشانکردن و گونجاندن و ڕووبەڕووبوونەوەی قورسە.

هەر لەتوێژینەوەکەدا هاتووە، داهاتی تاک بۆ ماوەی 26 ساڵی داهاتوو بەڕێژەی لە 19% کەم دەبێتەوە، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوەیە.

بەگوێرەی ئاکسیۆس، زیانە ئابوورییە چاوەڕوانکراوەکان دوو هێندە زیاترە لە بەرهەمی ناوخۆیی گشتیی ساڵانەی تەواوی یەکێتیی ئەورووپا.

توێژینەوەکە دەریخستووە کە زیانە ئابوورییە ئەگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە ماوەی چارەکە سەدەی داهاتوودا، نزیکەی شەش هێندە زیاترە لە تێچووی کەمکردنەوەی گەرمبوونی جیهان.

توێژینەوەکە دەریدەخات ئەگەری زۆرە گەورەترین زیانی ئابووری لەو ناوچانەدا ڕووبدات کە کەمترین بەرپرسیاریەتییان هەیە لە دەردانی گازی ژەهراوی.

توێژینەوەکە دەری دەخات، بەهۆی خاوبوونەوەی گەشەی داهاتی سەرتاسەری، ئەمەریکا و یەکێتیی ئەوروپا کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر دەبێت.