عەبدوڵڵاهیان: پشتڕاست نەکراوەتەوە ئیسرائیل هێرشی کردبێتە سەر ئێران

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران (وێنە: AP)
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "ئێن ‌بی ‌سی" ڕایگەیاند، "هێشتا هیچ نیشانەیەکی وامان بەردەست نەکەوتووە کە دەری بخات ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ئێران".

عەبدوڵڵاهیان ئەوەشی خستە ڕوو، "بەردەوامین لە لێکۆڵینەوە لەو هێرشەی دەگوترێت ئیسرائیل کردوویەتە سەر ئێران". هاوکات ئەو درۆنانەیشی بە "بووکەڵەی منداڵان" شوبهاند کە گوایە هێرشەکەیان پێ کراوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریشی بە ئیسرائیل دا، "ئەگەر دەست بۆ سەرکێشییەکی دیکە دژی ئێران و بەرژەوەندییەکانی ببات، وەڵامی وڵاتەکەی خێرا و لە بەرزترین ئاستدا دەبێت".

تا ئێستا ئێران زانیاریی وردی دەربارەی هێرشەکەی بەرەبەیانیی هەینی بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی لە نزیک ئیسفەهان بڵاو نەکردووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی نیویۆرک ‌تایمزی ئەمەریکی لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی، بەپێی ئەو وێنانەی لە مانگی دەستکردەوە بەدەست کەوتوون، هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی ئێران لە ئیسفەهان سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس 300ی کردووەتە ئامانج و بەشێکی گرنگی سیستەمەکەی لەناو بردووە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش داوە، لەو هێرشەدا بەشەکانی دیکەی بنکە سەربازییەکە و فڕۆکەخانەیەکی نزیک بنکەکە هیچ زیانێکیان پێ نەگەیشتووە.

هاوکات کەناڵی "ئەی ‌بی ‌سی نیوز" لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکاییەوە ڕایگەیاندووە، فڕۆکەی ئیسرائیلی لە دەرەوەی ئێرانەوە بە سێ مووشەک لە سیستەمێکی ڕادار و بەرگریی ئاسمانیی لە نزیک ئیسفەهان داوە، بەڵام هێشتا دیار نییە چ زیانێکی لێ کەوتووەتەوە و هەڵسەنگاندنەکان سەرەتایین.