مێسی و کوردستانی بچووک رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە

لیۆنێل مێسی بەرامبەر ناشڤێل
لیۆنێل مێسی بەرامبەر ناشڤێل

سبەی شەو کاتژمێر 02:30 خولەک بە کاتی هەولێر، ئینتەر مەیامی بە سەرکردایەتی لیۆنێل مێسی لە دەیەمین یاریی ئەمساڵی خولی ئەمریکا و لە یاریگای خۆی واتە چاس ستادیۆم، رووبەڕووی ناشڤێل ناسراو بە کوردستانی بچووک لە ئەمریکا دەبێتەوە.

مێسی و هاوڕێکانی دوای دوو بەرامبەربوون و دۆڕانێک، دواجاری یاریی رابردوو توانیان بەرامبەر کانساس سیتی بردنەوە بەدەست بێنن، هەر ئەمەش وایکرد بە شێوەیەکی کاتی، پێشەنگایەتی کۆمەڵەی رۆژهەڵاتی خولی ئەمریکا بەدەست بێننەوە، بەڵام بە یارییەک زیاتر لە چاو رکابەرەکانی دیکەی.

لویس سوارێز هێرشبەری ئۆرگوایی یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکا، بە تۆمار کردنی شەش گۆڵ پێشەنگایەتی گۆڵکارانی خولی ئەمریکای گرتووە، لە بەرامبەردا مێسی هاورێکەشی خاوەنی پێنج گۆڵ و بە جیاوازی تەنها یەک گۆڵ، لە پلەی دووەمی ریزبەندی گۆڵکاراب دێت.

پێش یارییەکە تاتا مارتینۆ راهێنەری ئەرجەنتینی ئینتەر مەیامی رایگەیاند، جۆردی ئالبا بەرگریکاری ئیسپانی یانەکەی تووشی پێکان بووە، هەربۆیە ئەو یاریزانە بەشداری ئەم یارییە و یاریی داهاتووی یانەکەیان ناکات.

'' بەداخەوە جۆردی ئالبا تووشی پێکان بووە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت بەشداری دوو یاریی داهاتووی یانەکەمان نەکات، دوای ئەو وادەیە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، ئەگەر بارودۆخی باش بێت، لە یارییەکانی داهاتوو دەگەڕێتەوە، چاوەڕێ دەکەین بزانین چارەنوسی چۆن دەبێت. بۆ ئەم یارییە گۆڕانکاری ئەوتۆ لە پێکهاتەکەمان ناکەین، کاری باشمان لەسەر خاڵە بەهێز و لاوازەکانی رکابەرەکەمان کردووە، ناشڤێل رکابەرێکی بەهێزە و دەبێت ئامادەکاری باش بۆ ئەم یارییە بکەین ''.

لەلایەکی دیکەوە ناشڤێل کە بەهۆی هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتیمانیانی کورد لەو شارە، بە کوردستانی بچوک ناسراوە، ئەم وەرزە بە باشی دەستیپێنەکردووە و لە کۆی 7 یارییان، تەنها یەک بردنەوەیان هەیە و لە چوار یاریی یەکسانبوینە و لە دوو یاریش دۆڕاون.

ئینتەر مەیامی لە چوار یاریی رابردووی بەرامبەر ناشڤێل، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، لە کۆی ئەم چوار یارییەش، خاوەنی دوو یەکسانبوون و دوو بردنەوەیە، دوایین دۆڕانیشیان بەرامبەر کوردستانی بچوک، ساڵی رابردوو لە خولی نێوخۆیی ئەمریکا بوو.