قوتابییەک.. کتێب هەستێکی خۆش و سوودێکی باشی پێم بەخشیووە

16ەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر
16ەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر

K24 - هەولێر

لە 16ــەمین پێشانگه‌ی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب بەردەوامە و منداڵانیش بە ڕێژەیەکی زۆر لەگەڵ خێزانەکانیان سەردانی پێشانگه‌كه‌ دەکەن و کتێب دەکڕن، دایک و باوکان دەڵێن گرنگترین تەمەن بۆ خوێندنەوە لە منداڵیەوە دەست پێ دەکات بۆیە، هانی منداڵان ده‌ده‌ن بۆ دۆستایه‌تی و خوێندنه‌وه‌ی كتێب.

یەکێک لە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب بۆ ئەمساڵ کڕینی کتێبە لەلایەن منداڵانەوە، سەدا تەمەنی 15 ساڵە لەگەڵ دوو ئامۆزاکەی هاتووە و دۆستی کتێبە، ماوەی ساڵێکە دەستی کردووە بەخوێندنەوەی کتێب، بەڵام کاتێک دەیدوێنی زانیاریییەکانی لەوە دەچێت کە 10 ساڵە کتێب دەخوێنێتەوە.

سەدا عەلی- قوتابی لە 16ەمین پێشانگای نێودەولەتی کتێب بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێستە زۆر کەس دەبینی پەنا بۆ ئەوە دەبات نمرەیەکی باش بەدەست بهێنێت لە پۆلی 12، بەڵام دواتر دەبینی هیچ بەرهەمێکی بۆ دەوروبەر نییە. لەگەڵ ئەوەشدا کەسێکی دیکە دەبینی کە نمرەکەی کەمترە، بەڵام زۆر بەرهەمدارە.

ئەو قوتابییە گوتیشی: "سەردانی چەند پزیشکێکم کردووە، هەندێک جار پزیشکەکە زۆر ڕووخۆشە لەگەڵ ئەو هاووڵاتییەی سەردانی کردووە. بەدواداچوونم بۆ کردووە بینیومە خوێندنەوەی کتێب وای لێ کردووە کە ڕەفتاری جوان  بێت لەگەڵ دەوروبەر و هەموو ئەوانەی دەچنە لای."

کاتێک مرۆڤ کتێب دەخوێنێتەوە خۆی دەناسێت و دەزانێت کێیە، مرۆڤ بریتییە نییە لە خواردن، خەوتن، ئێستە زۆربەی گەنجەکانمان دەبینین ژیانیان بریتییە لە خواردن، خەوتن، هیچ بەرهەمێکیان نییە بۆ کەسانی دەوروبەرییان.

محەممەد یەکێکە لەو کەسانەی سەردانی پێشانگای کتێبی کردووە.

محەممەد غازی دەڵێت: "بەر لەتەمەنی شەش ساڵی دایکم و باوکم کتێبیان بۆم دەخوێندەوە، دایکم و باوکم هاندەرێکی باشبوون بۆم بۆ ئەوەی ببمە خوێنەر و زیاتر حەز لە کتێب بکەم."

محەممەد گوتیشی: "تاکو ئێستە سێ عەرەبانە کتێبم کڕیوە، هەرچەندە کتێبەکان زۆرن کڕیومن ، بەڵام دەتوانم بیانخوێنمەوە، چونکە هەستێکی خۆش و سوودم پێ دەبەخشن".

پەروەردەی خێزان لە منداڵەکانیان ڕەنگ دەداتەوە، دایک و باوکان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە گرنگترین هاوڕێ بۆ منداڵان کتێبە، بۆ بیرێکی تەندروست و فراوانبوونی عەقڵ  و پەروەردەیەکی دروست بە ئەرکی خێزانیی دەزانن هاندانی منداڵەکانیان بن بۆ خوێندنەوە.

غازی سەلیم هاووڵاتی لە پێشانگەکەدا بۆ کوردستان24 قسە دەکات و دەڵێت: "خوێندنەوەی کتێب بۆ منداڵان زۆر گرنگە. ئەگەر لە تەمەنی سێ ساڵ و نیویدا، ئەگەر دایک و باوک بایەخ بە خوێندنەوەی کتێب و نامیلکە بۆ منداڵەکانیان بدەن، هەروەها کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر هەڵسوکەوتی منداڵ".

سارا عەزیز هاووڵاتی و خوێنەر گوتی: "منداڵ وەک پەڕەیەکی سپی وایە، چی لەسەر بنووسی یاخود فێربی بکەی، ئەوە هەڵدەگرێت."

لە 16مین پێشانگای هەولێر بۆ کتێب داشکاندن بۆ لە سەدا پەنجای کتێبەکان کراوە، ئەمەش وەک هاندانی خەڵک بۆ خوێندنەوە و هاوکاریی خوێنەران بۆ کڕینی کتێب.

باشترین رێگە بۆ بە فەرهەنگییکردنی خوێندنەوە جگە لە کردنەوەی پێشانگای کتێب، بەردەوام هەبوونی کتێبە لای هاووڵاتیان، وەکوو بەشێک لە خوێنەران پێشنیازی بۆ دەکەن، دەکرێت لەداهاتوودا لە مارکێت و مۆڵ و سەرجەم شوێنە گشتیەکان  کتێب بەردەست بێت.