مه‌حموود عگێلی: ڕووداوه‌كه‌ی بابل شانۆگه‌ریی بوو
K24 - هەولێر:
ئه‌مینداری حزبی ئوممه ئاماژه به‌وه ده‌كات، وڵاتانی دراوسێ به‌تایبه‌تی ئێران مه‌به‌ستیه‌تی عێراق بخاته ناو ململانێكان؛ ده‌شڵێت، ڕووداوه‌كه‌ی بابل شانۆگه‌ریی بوو و ئامانج شێواندن و تێكدانی سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بوو بۆ ئه‌مه‌ریكا.
ئه‌مڕۆ (شه‌ممه 20ـی نیسانی 2024) مه‌حموود عگێلی، ئه‌مینداری حزبی ئوممه تایبه‌ت به كوردستان24 ڕایگه‌یاند، وڵاتانی دراوسێی عێراق مه‌به‌ستیانه ئه‌و وڵاته بكه‌نه ناوه‌ندێك بۆ پاكتاوكردنی ئه‌و ململانێیانه‌ی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه هه‌یانه.
مه‌حموود عگێلی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، وڵاتانی دراوسێ به‌تایبه‌تی ئێران مه‌به‌ستیه‌تی عێراق بخاته ناو ململانێكان، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانی له‌سه‌ر خۆی دوور بخاته‌وه.
ئه‌مینداری حزبی ئوممه سه‌باره‌ت به ڕووداوه‌كانی شه‌وی ڕابردوو له بابل، گوتی: ئه‌وه‌ی ڕووی داوه، شانۆگه‌ریی بوو و ئامانج شێواندن و تێكدانی سه‌ردانه‌كه‌ی محه‌ممه‌د شییاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بوو بۆ ئه‌مه‌ریكا، كه ئه‌مه‌ش خواستی ئێرانه.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، نزیک کاتژمێر 01:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 20-04-2024، تەقینەوەیەک لە نێو سەربازگەی کالسو لە باکووری پارێزگای بابل ڕووی دا، کە بارەگای یەکەکانی سوپا، پۆلیس و دەستەی حەشدی شەعبی تێدایە و لە ئەنجامدا یەک ئەندامی دەستەی حەشدی شەعبی کوژرا و هەشت کەسیش بە ڕێژەی جیاواز بریندار بوون کە یەکێکیان سەربازی سوپای عێراقە.
شانەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، بە هەوڵ و کۆششی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی بابل توانراوە ئاگرکەوتنەوەی تەقینەوەکە کۆنترۆڵ بکرێت و لیجنەیەکی تەکنیکی بۆ لێکۆڵینەوە لە بەرگریی شارستانیی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە پێک هێنراوە بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە نێو سەربازگەکە و دەوروبەری سەربازگەکە.
پێشتر لە ڕاگەیەنراوی جیاوازدا هەر یەک لە گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕایانگەیاندبوو کە هیچ پەیوەندییەکانیان بە کردەی سەربازی سەر پارێزگای بابل نییە.
هەروەها ڕاپۆرتی فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانیی عێراق ڕایگەیاندووە، بەر لە تەقینەوەکەی بابل هیچ فڕۆکەیەکی جەنگی یان درۆنێکی نامۆ لە چاودێرییە ئاسمانییەکانی دەرنەکەوتووە. ڕاشیگەیاندووە، دوای کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوەکان ئەنجامەکەی بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەنەوە.