ساناو فەرەیدوون: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەبێ پارتی ناکرێت

ساناو فەرەیدوون جوانڕۆیی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان
ساناو فەرەیدوون جوانڕۆیی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی رایدەگەیەنێت، پارتی پێداگرە لەسەر هەڵبژاردنێکی شەفاف و تەندروست، کە بەپێی ویستی هەموو لایەنەکان بێت، نەک تەنیا رای لایەنێکی تێدا فەرز کرابێت.

ساناو فەرەیدوون جوانڕۆیی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەڵبژاردن بەبێ پارتی ناکرێت بەو پێیەی پارتی پارێزەری قەوارەی هەرێمی کوردستانە.

هەروەها ناوبراو روونی کردەوە، پارتی لەکاتێکدا دەچێتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە ئەگەر هەلومەرجی نایاسایی و نادەستووریی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن هەڵبگیرێن.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێت: ئێمە لەگەڵ هەڵبژاردنین کە بەپێی دەستوور بەڕێوەبچێت، نەک هەڵبژاردنێک بێت کە سەپێندرابێت و بەویستی هەندێک لایەن بێت کە ئەجێندایەکی دەرەکی بەسەریاندا زاڵە.

ساناو فەرەیدوون جوانڕۆیی، لەبارەی دادگای فیدراڵییەوە رایگەیاند، دادگاکە، دادگایەکی نادەستوورییە، سەپێنراوە، بە پێی بڕگەکانی دەستوور پێکنەهاتووە، هەروەها تا ئەم هەڵبژارنە بەپێی ئارستەی درووستی خۆی نەڕوات ئێمە بەشداریی ناکەین.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، باسی لەوەشکرد، ئێستا هەندێک وتوێژ هەیە لەسەر پرسی هەڵبژاردن لەگەڵ لایەنەکان بە ئارستەی ئەوەی هەڵبژاردنەکە دوابخرێت بۆ چەند مانگێک و، هەندێک داواکاری پارتی تێدا جێبەجێ بکرێت، رەنگە چەند مانگێک دواتر ئەم هەڵبژاردنە بەڕێوەبچێت.

ساناو فەرەیدوون جوانڕۆیی، گوتی: هەندێک لایەن پێیان وابوو پێکهاتەکان وەکو پێویست نەبوون لە رابردوودا لە پەرلەمانی کوردستان، ئێمەش هەمیشە جەختمان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، گوتیشی: ئێمە پێداگرین لەسەر هەڵبژاردنێکی شەفاف و تەندروست و، بەپێی ویستی هەموو لایەنەکان بێت، نەک تەنیا رای لایەنێکی تێدا فەرز کرابێت.