مەحموود عەباس: پاکێجی هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزتر دەکات

مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵستین
مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵستین

K24 - هەولێر

سەرۆکی دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین سەرکۆنەی پەسەندکردنی پاکێجی هاوکاریی ئەمەریکایی بۆ ئیسرائیل، دەکات.

مەحموود عەباس سەرۆکی فەڵەستین ڕاگەیەندراوێکی دەبارەی پەسەندکردنی 26 ملیار دۆلار هاوکاریی لەلایەن کۆنگرێسی ئەمەریکاوە بۆ ئیسرائیل بڵاو کردەوە و تیایدا باس لەوە دەکات، ئەوەی ئەمەریکا کردوویەتی، بەشێكە لە شەڕەنگێزییەکانی ئیسرائیل بەرامبەر فەڵەستینییەکان.

مەحموود عەباس دەشڵێت: ئەو پارەیەی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیلی تەرخان دەکات دەبێتە هۆی قوربانی زیاتر لە غەززە و فراوانکردنی شەڕەکە، هەروەها ئاماژەیەکی ترسناکیشە بۆ ئاڵۆزترکردنی زیاتری دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بە زۆرینەی دەنگ، پاکێجێکی هاوکاریی بەگوژمەی 95 ملیار دۆلار بۆ پشتیوانیی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا، ئیسرائیل و تایوان پەسەند کرد، وەزیری بەرگریی ئەمەریکاش خۆشحاڵیی خۆی دەربڕیوە و دەڵێ "پاکێجەکە ڕۆڵێکی گرنگی لە بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی ڕووسیا و هێرشەکانی ئێران و بریکارەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەبێت"، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیاش دەڵێت "دڵنیابووین لەوەی ئەمەریکا پاکێجی پشتیوانیی چەتە نازییە نوێیەکان پەسەند دەکات".

ئەو پاکێجە هاوکارییەی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسەند کراوه، بڕی 60.84 ملیار دۆلار هاوکاری بۆ ئۆکرانیا تەرخان کراوە و 23 ملیار دۆلاریشی بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەمەریکایی، هەروا 26 ملیار دۆلاری دیکەی پاکێجەکە هاوکاریی و پشتیوانییە بۆ ئیسرائیل و 8 ملیار و120 ملیۆن دۆلاریش هاوکارییە بۆ هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا له هەرێمەکانی ئۆقیانووسی هیندی و هێمن، لە نێویشیاندا تایوان.