لە ڕووداوێکی تەقەکردندا لە ئەمەریکا 16کەس بوونە قوربانی

شوێنی ڕووداوی تەقەکردنەکە
شوێنی ڕووداوی تەقەکردنەکە

K24 - هەولێر

لە ئاهەنگێکی شاری مێمفیس لە ویلایەتی تێنسی ئەمەریکا، تەقە ڕوویدا کە دوو کەس کوژران و 14 کەسی دیکە بریندار بوون.

پۆلیسی شاری مێمفیس ڕایگەیاند، سێ لە بریندارەکانی ڕووداوەکە برینەکانیان سەختە و گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، هەروەها 11 برینداری دیکەش گەیەندراونەتە نەخۆشخانە کە تاوەکو ئێستا زانیاری دەربارەی دۆخی تەندروستیان نازانین.

پۆلیس دەشڵێت: ڕووداوی تەقەکردنەکە لە شوێنی ئاهەنگێک بووە، کە 300 کەسی تێدا بووە، لە ئەنجامی تەقەکردنەکە 16 قوربانی لێکەوتووەتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا تەقەکەرەکە دەستگیر نەکراوە.

سی جێ دەیڤیس، بەرپرسی پۆلیسی ناوچەکە ڕاشیگەیاند، پیشبینی دەکەین لانی کەم دوو کەس تەقەیان لە ئامادەبووانی ئاهەنگەکە کردبێت، بەڵام نازانین هۆکاری پشت توندوتیژییەکە چیە.

 دەیڤیس گوتیشی: "لێکۆڵینەوەمان دەست پێ کردووە، بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی تۆمەتباران هۆی ڕووداوەکە، هەروەها تەماشای کامێراکانی چاودێری دەکەینەوە بەشوێن تەقەکەرەکاندا دەگەڕێین".

لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، لە ئەمەریکا 115 ڕووداوی تەقەکردنی بە کۆمەڵ ڕوویان داوە.