کرێی هاتوچۆ بە هێڵە ناوخۆییەکانی تاران 16 بۆ 45 لە سەد زیاد کرا

K24 - هەولێر

ئەنجوومەنی پارێزگای تاران، کرێی هاتوچۆی بە هێڵەکانی گشتیی و تایبەتییەکانی ڕێژەی 16 بۆ 45%زیاد کرد و لەلایەن پارێزگاریشەوە پەسەند کراوە و لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت.

جەعفەر تەشەکوری هاشمی، سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە ئەنجوومەنی پارێزگای تاران ڕایگەیاندووە، زیادکردنی کرێی گواستنەوە لە میترۆ و پاسەکاندا بە کەمترین ڕێژە بووە، چونکە سەر بە شارەوانی تارانن و پاڵپشتیی داراییان پێشکەش دەکرێت.

سەبارەت بە کرێی تاکسی و پاسەکانی کەرتی تایبەتیش ڕایگەیاندووە، زیادکردنی کرێی گواستنەوەی ئەوان بەڕێژەیەکی دیاریکراو زیاد کراوە بۆ ئەوەی لە بڕیارەکە زیانمەند نەبن.

بەگوێرەی بڕیارە تازەکەی پارێزگای تاران، زیادکردنی کرێی هاتوچۆ لە میترۆی تاران بە %16 بۆ %30 دەبێت ئەمەش بە گوێرەی دووریی ڕێگە و ناوچەکان بڕیاری لە سەر دراوە، واتە تا وەکوو ڕێگەکە دوورتر بێت، کرێکەی زیاتر دەبێت.

هەرچی کرێی هاتۆچۆ بە پاسە گشییەکانە لە %21 بۆ %30 زیاد کراوە، بۆ ئەمەش دووریی و نزیکی شوێن و ڕێگاکان کراوەتە پێوەری وەرگرتنی کرێ لە سەرنشینەکان. بەڵام کرێی هاتوچۆ بە تەکسی، ڕێژەی %45 زیاد کراوە، هەروەها زیادکردنی کرێی گواستنەوەی تاکسییەکانی تایبەت، تەلەفۆنی بۆ وێستگەی شەمەندەفەر و فڕۆکەخانەکانیشی گرتووە و بۆ ئەوان زیادکردنی کرێکان پەیوەستە بە دووریی مەوداکانەوە.