دابەزینی بەهای تومەن، هاوردەکردنی کاڵای ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان کەم کردووەتەوە

kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بەهاى تومەنى ئێرانى دواى ئاڵۆزییەکانى ئێران و ئیسرائیل لە بازاڕى ئاڵوگۆڕى دراو زۆر کەم بووەوە، بە جۆرێک، پێشبینى دەکرێت بەهاى 100دۆلارى ئەمەریکى بگاتە 7 ملیۆن تومەن ئەو کەسانەشى کارى ئاڵوگۆڕى تومەن دەکەن، دەڵێن، لەگەڵ دابەزینى بەهاکەى بازاڕى ئاڵوگۆڕیشى وەستاوە.

ئالۆزییەکانى ئێران و ئیسرائیل بەهاى تومەنى زیاتر دابەزاند. هەرچەندە لە ڕابردووشدا لە ئەنجامی سزاکانى ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، بەهاى تومەن بە بەردەوامى لە کەمبووندا بوو؛ ئێستا ئەو ئاڵۆزییانە دۆخێکى دروست کردووە زۆرێک لەوانەى لەم بازاڕەدا کار دەکەن کڕین و فرۆشتن بە تومەنەوە نەکەن، چونکە دواى ئاڵۆزییەکانى ئێران و ئیسرائیل بەهاى سەد دۆلار گەیشتە 6 ملیۆن و 500 هەزار تومەن و پێشبینى دەکرێت نزیکیش ببێتەوە لە 7 تا  8 ملیۆن.

بابان بەهائەددین، خاوەن نووسینگەى ئاڵوگۆڕى دراو دەڵێت، "بەهای تومەن پەیوەندی بە دۆخی سیاسییەوە هەیە، ئەگەر هەواڵەکان خۆش بن، بەهاکەی بەرز دەبێتەوە، بە پێچەوانەوەشەوە، ئەگەر هەواڵە سیاسییەکان ناخۆش بن، کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەهای تومەن دەبێت. ئێستا زۆرێک لە خەڵکی مامەڵە بە تومەنەوە ناکەن".

قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان ئێران و هەرێمى کوردستان ساڵانە نزیک دەبێتەوە لە شەش ملیار دۆلار بەڵام بە گوتەى ئەو کەسانەى کارى ئاڵوگۆڕى بازرگانى دەکەن دابەزینى بەهاى تومەن وای کردووە ئێستا کەمتر کاڵا لە ئێرانەوە هاوردە بکەن.

ئەنوەر گەرمیانى، بازرگانە و باس لەوە دەکات، بازرگانان ئێستا زۆر بە کەمی کاڵا لە ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەمەش بەهۆی دابەزینی بەردەوامی بەهای تومەنی ئێرانی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی.

دابەزینى بەهاى تومەن وای کردووە چەندین کەس لە کڕینى تومەندا دەیان دەفتەر دۆلار زیان بکەن چونکە کاتێک کە تومەنێکى زۆریان کڕیوە بەهاکەى بەم شێوەیەى ئێستا دانەبەزیوە چونکە ئێستا هەر ملیار تومەنێک بەهاکەى نزیکەى هەزارو سێ سەد دۆلار دابەزیووە.