زیاتر لە سەد هەزار گەشتیار لە ڕێوڕەسمی هەزار دەفی پاڵنگان بەشدار بوون

K24 - هەولێر

بە بەشداریی هونەرمەندانی دەفژەن لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دووەمین ڕێوڕەسمی هەزار دەف لە گوندی مێژوویی و گەشتیاریی پاڵنگانی پارێزگای سنە بەڕێوە چوو.

پتر لە سەد هەزار گەشتیار بۆ بەشداریی و بینینی ئەو ڕێوڕەسمە لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێرانەوە چوونەتە گوندی پاڵنگان؛ دووەم ساڵە ڕێوڕەسمی هەزار دەف لەم گوندەی سەر بە شاری کامیارانی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەچێت.

پاڵنگان، کە سەردەمانێک پایتەختی میرنشینی ئەردەڵان بووە، بە هۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیی و شێوازی پلەکانیی خانووەکان، چەند ساڵێکە بووەتە گوندێکی گەشتیاری.

پاڵنگان سەرەتا بە ڕێوڕەسمە تایبەتەکانی نەورۆز ناوبانگی دەرکرد و ئێستاش ڕێوڕەسمی بەشکۆی هونەریی هەزار دەفی تێدا بەڕێوە دەچێت.

زیاد لە هەزار دەفژەنی ژن و پیاو لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەرنجی گەشتیارانیان ڕاکێشاوە.

گەنجێکی دانیشتوی پاڵنگان دەڵێ "لە سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکە میوانمان هەیە و ئەم ڕێوەڕەسمەی پێشکەشیش دەکرێت زۆر گرنگە بۆ ئەوەی لە پاڵنگان لە تۆماری ناوچە مێژوویی و فەرهەنگییەکانی جیهان تۆمار بکرێت".

گەنجێکی خەڵکی باشووری کوردستانیش بۆ گەشتیاری چووەتە پاڵنگان دەڵێ "لە شاری کەلاری باشووری کوردستانەوە هاتووم بۆ بینینی ئەم ڕێوەڕەسمە، لە ڕاستیدا ڕێوڕەسمێکی جوان و تایبەتە".

 

دەف ئامێرێکی کوردییە کە سەدان ساڵ لە خانەقاکانی کوردستان زیکری پێ کراوە و لە ڕێوڕەسمە ئاینییەکاندا کەڵکی لێ وەرگیراوە. لە نیو سەدەی ڕابردوودا لە لایەن دەفژەنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە ناو گرووپە مۆسیقاییەکاندا بەکارهاتووە و نۆتی بۆ نووسراوە و کراوەتە ئامێرێکی زانستی کە لایەنگرێکی زۆریشی لە ناو هونەرمەندانی بواری مۆسیقادا هەیە.

فەڕوخ یادگاری، سەرپەرشتی گرووپی تەموورژەنانی شاهۆ و داڵاهۆ دەڵێ: ڕێز و سڵاوم بۆ خەڵکی هەورامان و خەڵکی کوردستان و تەواوی هاونیشتمانیانی ئازیز هەیە، ئێمە گرووپگەلێکی زۆری دەفژەنین لە نزیکەی 25 ناوچەی جیاوازی سەپێلی زەها و داڵاهۆ بۆ بەشداربوون لەم ڕێوەسمە هاتووینەتە پاڵنگان".

گوندی پاڵنگان پێشتر وەک بەشێک لە جوگرافیا و فەرهەنگی ناوچەی هەورامان لە لایەن ڕێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانەوە تۆماری جیهانیی وەرگرتووە. بەڕێوەبەرانی فێستیڤالی هەزاردەفی پاڵنگان دەڵێن لە هەوڵدان ئەمساڵ ئەم ڕێوڕەسمەش لە ڕێکخراوی یۆنسکۆ تۆمار بکەن.

مەنسوور مێهرزاد، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی میراتی فەرهەنگیی پارێزگای سنە دەڵێت "ئەم گوندە، پێشتر وەک ماڵی هونەر و ڕۆشنبیریی هەورامان لە یونسکۆ تۆمارکراوە، بەڵام ئەم جارە لە ڕێگەی ئەم ڕێوڕەسمەوە دەمانەوێت جارێکی دیکە لە ناوچە گەشتیارییەکانی جیهانی تۆماری بکەینەوە، ئەمەش هەنگاوێکی دیکەی گرنگە بۆ پارێزگای سنە".

ئاژانسەکانی ئێران لەسەر زاری سەرۆکی ناوەندی هونەری پارێزگای سنەوە بڵاویان کردووەتەوە، زیاتر لە سەد هەزار گەشتیار لە سەرانسەری ئێرانەوە لە ڕێوڕەسمی هەزار دەفی پاڵنگاندا بەشدار بوون. چەند هەزار ئوتۆمبێل لە ناو گوندی پاڵنگانەوە تا چەندین کیلۆمەتر دوور لە گوندەکە ڕیز بووبوون و زۆربەی ئەو گەشتیارانە بۆ گەیشتن بە پاڵنگان ناچار بوون چەند کیلۆمەتر بە پێ ڕێگا ببڕن.