20 ساڵە حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق نەیانتوانیوە ماددەی 140 جێبەجێ بکەن

ئاڵای هەرێمی کوردستان و عێراق
ئاڵای هەرێمی کوردستان و عێراق

K24 - هەولێر

جێبەجێنەكردنی ماددەی 140 دەستووری عێراق، دەرەنجامەكەی پێشێلكاری و جارێكی دیكە تەعریبی ناوچە کوردستانییەکان بووە. ئەو ماددەیەی كە سەرۆكوەزیرانی عێراق بە كێشەیەكی تەكنیكی ناوی دەبات، لەكاتێكدا نزیكەی 20 ساڵە حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق نەیانتوانیوە جێبەجێی بکەن بكەن.

 محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە پانێڵێکدا لە پەیمانگای ئەتڵانتیک کاونسڵ لە ئەمەریكا، گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، "کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کێشەی سیاسی نین بەڵکوو زیاتر تەکنینی و یاسایین".

دەستەواژەی كێشەی تەكنیكی و كێشەی سیاسیی بەردەوام لە نێوان حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ چارە كردنی كێشە ھەڵپسێردراوەكانی نێوانیان ئاماژەی پێ دەكرێت. حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كێشەكان بە سیاسی دەزانێت، لە بەرامبەردا حكوومەتی عێراق بە كێشەی تەكنیكی ناویان دەبات كە یەكێك لەو كێشانەش ماددەی 140ـە.

بە گوێرەی دەستووری عێراق کە ساڵی 2005 بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی وڵاتەکە پەسند کرا، دەبووایە تاوەکو 31ی كانوونی یەكەمی 2007 ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت، ئەو ماددە لە سێ قۆناغ پێک دێت، ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و ڕیفراندۆم، بەڵام دوای نزیكەی 20 ساڵ تەنیا بەشێکی قۆناغی یەکەمی ماددەکە جێبەجێ کراوە.

بابەتێكی وەكو ماددەی 140 كە لە دەستووردا ئاماژەی پێ كراوە، چارەنەكردنی لەلایەن حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، ئەم پرسیارە دێنێتە ئاراوە ئایا كێشەكە تەكنیكییە یاخود كێشەی سیاسییە؟ ئەگەر كێشەكە تەكنیكییە دوای نزیكەی 20 ساڵ حكوومەتەكانی عێراق چۆن نەیانتوانیوە چارەی بكەن؟ بەڵام بەپێچەوانەی ئەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق ئێستا باسی دەكات، کێشەکە بڕگەکانی دەستوور و یاسان کە تاوەکو ئێستا وەکو خۆیان جێبەجێ نەکراون، لەبەرئەوەی کێشەی ڕێککەوتنی سیاسی هەیە. زۆر ماددە یان یاسا هەن تا ئەو کاتەی لایەنە سیاسییەکان رێککەوتنیان لەسەر نەکەن، جێبەجێ ناکرێن و یەک لەوانەش ماددەی 140ە.

ماددەی 140 كە یەكێكە لە نموونە چاوەڕوانكراوەكانی جێبەجێكردنی دەستوور دوای نزیكەی بیست ساڵ لەسەر باسكردنی بنیاتنانی عێڕاقی نوێ و نەهێشتنی لێكەوتەكانی دیكتاتۆری و سیاسەتی گۆڕانی دیموگرافی، جێبەجێ نەكرا و بەشێك لە دەسەڵاتدارانی عێراقیش ڕێگریان لە جێبەجێكردنی ماددەكە كردووە. ئێستاش سەر لەنوێ لە سایەی حەشدی شەعبی و سوپای عێڕاق، عەرەبی هاوردە دەگەڕێنەوە و بەردەوام هەڕەشە لە جووتیاران و دانیشتوانی ڕەسەنی كوردستان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.