ڕێبوار تاڵەبانی: عێراق هیچ نیازێکی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی نییە

ڕێبوار تاڵەبانی: دەبوایە لە پەرلەمانی کوردستان کورسی بۆ کەرکووک و خانەقین دابنرایە
kurdistan24.net

K24 – هەولێر

ڕێبوار تاڵەبانی ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و بەرپرسی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ستۆدیۆی کراوەی کوردستان24 لە پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر، دەربارەی جێبەجێ کردنی ماددەی 140ی دەستوور گوتی: عێراق هیچ نیازێکی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی نییە، هۆکەشی مێژووییە.

ڕێبوار تاڵەبانی لە بارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوو، گوتی: بەو13 بڕیارانەی لە پەرلەمانی عێراق لە سەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەرچوون، دوای ئەو هەموو ساڵە هەڵبژاردن لە کەرکووک نەکرابوایە باشتر بوو، چونکە ئەو ئەنجوومەنەی هەڵبژێردراوە هیچ بەها و دەسەڵاتێکی نابێت، دواتریش لە دابەش کردنی پۆستە ئیدارییەکانی هیچ ڕێزێک بۆ دەنگدەران دانانرێت و دەبێت بە تەوافوق پۆستەکان دابەش بکرێن بەمەش هیچ بەهایەک بۆ پرۆسەیەکی دیموکراسی نامێنێتەوە، بۆیە ئەو پرۆسەی بەڕێوە چوو پرۆسەیەکی نایاسایی و نا تەندروست بوو، ئامانجەکەش ئەوە بوو کورد جارێکی دیکە دەسەڵات لە کەرکووک بە دەست نەهێنێتەوە.

هەروەها ئاماژەی دا، عەرەبی هاوردە بە درێژایی دەسەڵاتی ڕژێمەکانی پێشوو چ زوڵمێکیان لە کورد کردووە، ئێستاش نیازیان وایە هەمان ڕەفتار بەرانبەر بە کورد لە سیاسەتی تەعریب و گۆڕینی دیموگرافیای کەرکووک دووبارە بکەنەوە.

سەبارەت بە جێبەجێ کردنی ماددەی 140ی دەستوور، ڕێبوار تاڵەبانی گوتی: ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە بە ناوچەی کێشە لەسەرەکان ناسێندراون، دەبێت لەلایەن عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بە هاوبەشیی ئیدارە بکرێن، ئەگەر نا، لە ڕێگەی ڕاپرسییەکەوە دەبێت چارەنووسی ناوچەکان یەکلا بکرێتەوە، بەڵام بە داخەوە حکوومەتی عێراق لە 2003ـەوە تاکڕەوانە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئیدارە دەدات، هیچ نیازێکیان نییە لە جێبەجێکردنی ماددەی 140 و یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانە، هەربۆیە، دەبوایە لە یەکەم خوولی پەرلەمانی کوردستانەوە بە دانانی چەند کورسییەک بۆ کەرکووک و خانەقین و ناوچەکانی دیکە کار لە سەر یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانە کرابایە.