هێزەکانی ئێران لە سنووری بانە کۆڵبەرێکیان کوشت و دووانی دیکەیان بریندار کرد

K24 - هەولێر

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی کردووەتەوە، کاتژمێر دووی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی نیسانی 2024، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری "بلەکێ" سەر بە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستڕێژیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و کۆڵبەرێک کوژراوە و دوو کۆڵبەر دیکەش بریندار کراون.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە، ئەو کۆڵبەرەی بە گولـلەی هێزەکانی ئێران کوژراوە ناوی شوانە ئەحمەدپوورە و تەمەنی 34 ساڵە و خێزاندارە و یەک منداڵی هەیە، هەروا ئاماژەی داوە، تەرمی ئەو کۆڵبەر کوژراوە گواستراوەتەوە نەخۆشخانەیەکی شاری سلێمانی.

لە بارەی چارەنووسی دوو کۆڵبەرە بریندارەکە، هەنگاو تەنیا ڕایگەیاندووە، لە هەمان ڕووداوی کوژرانی شوانە ئەحمەدپوور، دوو کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون بەڵام ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە.