ئەشواق جاف: هەڵوەشاندنەوەی کورسیی کۆتاکان پێچەوانەی یاسای هەڵبژاردنی عێراقە

ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیی دیموکراتی کوردستان
ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیی دیموکراتی کوردستان

K24 - هەولێر

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسییەکەی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان، پێچەوانەی یاسای هەڵبژاردنی عێراقە و پێشێلکردنی مافی پێکهاتەکانە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-04-2024، ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) ڕایگەیاند، "لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ژمارە 4ی ساڵی 2023، کورسی بۆ پشکی پێکهاتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تەرخان کراوە".

ئەشواق جاف باسی لەوە کردووە، "نۆ کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە. یەکێک لە مەرجەکانی کاندیدابوونیش بۆ پشکی کۆتا لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەوەیە کە پێویستە کاندیدا بڕوانامەی ئامادەیی یان زیاتری هەبێت".

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەپرسێت، "بۆچی دادگای فیدراڵی کورسیی پێکهاتەکانی لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندەوە؟ ئایا ئەم هەڵوەشاندنەوەیە دووفاقی (دووڕوویی) نییە لە یاساکانی هەمان وڵاتدا و لێدانێک نییە لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتەکان لە کوردستان؟ یان یاسای هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستووریی نییە؟  ئایا ئەمە پێشێلکردنی مافی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان و بێبەشکردنیان لە مافە دەستوورییەکانیان نییە؟".

 

pic.twitter.com/R1ZsE84ClM