تاران و واشنتن گفتوگۆکانیان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەستپێدەکەنەوە

وێنەیەکی تێکەڵاو لە ئاڵای ئێران و ئەمەریکا
وێنەیەکی تێکەڵاو لە ئاڵای ئێران و ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

سەرەڕای گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، تاران و واشنتن گفتوگۆکانیان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەستپێکردووەتەوە.

میدیای ئێران بڵاوی کردووەتەوە، گفتوگۆکان لەنێوان سەعید ئیرەوانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان و بەرپرسانی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت، بەگوێرەی زانیارییەکان گفتوگۆکان چەندین پرسی گرتووەتەوە لەوانە شەڕی غەززە، گفتوگۆکان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی دوو لە گرنگترین لەو دۆسیانەن کە لەنێوان ئێران و ئەمەریکا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.

لەلایەکی دیکە ئاژانسی "ئێرنا"ـی فەرمی ئێران رەتیدەکاتەوە ئێران لە رێگەی باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە ەکگرتووەکان گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا بەڕێوەبچن. ئاژانسەکە ئاماژە بەوە دەکات، گفتوگۆکان ناڕاستەوخۆن و لە ڕێگەی نێوەندگیر و ئاڵوگۆڕی نامە لە چوارچێوەیەکی سنوورداردان.

رەحمان قەهرەمان پور، شارەزا لە پەیوەندییەکانی ئێران - ئەمەریکا دەڵێت: کاری لەپێشینەی ئەمەریکا شەڕی غەززەیە نەک پرسی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران، بۆیە ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا لە چوارچێوەی تێڕوانینی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی  وڵاتەکەی، دەیەوێت ئەم پرسە لەگەڵ ئێران کۆتایی پێ بهێنێت.

هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەگەر دانووستانەکان لەسەر پرسی شەڕی غەززە یەکلایی ببێتەوە بەر لە هەڵبژاردنی ئەمەریکا، لەئەگەری سەرکەوتنی جۆو بایدن بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی، ئەمەریکا دانووستانە ئەتۆمییەکانی لەگەڵ ئێران دەستپێدەکاتەوە.

قەهرەمان پور ئاماژەی بەوەکرد، گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 نابێت، بەڵکو هەردوولا بەدواداچوون دەکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ و، دەشڵێت: هەردوولا خواستی چارەسەرکردنی ریشەیی دۆسیەی ئەتۆمی پەیوەست بە ئێرانیان هەیە.

ناوبراو باسی لەوەشکرد، دوای گرژییەکانی ئەم دواییەی نیوان ئێران و ئەمەریکا لە ناوچەکە دۆخەکە دژوارتر و ئاڵۆزتر بووە و، بۆشاییەکانی نێوان هەردوولا قوڵتر بوونەتەوە بە مەبەستی گەیشتن بە میکانیزمێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان پەیوەست بە پرسی ئەتۆمی ئێران.

رێککەوتنی ئەتۆمی لەساڵی 2015  کە لە نێوان ئێران و گروپی 5+1 کرا، بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، ئەمەریکا لە رێککەوتنەکە کشایەوە، لەسەردەمی جۆو بایدن، سەرۆکی ئێستای ئیدارەی ئەمەریکا بەمەبەستی زیندووکردنەوەی رێککەوتنەکە چەندین گەڕی دانووستان لە ڤێنا بەڕێوەچوون، بەڵام لە هاوینی ساڵی 2022ـەوە دانووستانەکان هەڵپەسێردراون.