مستەفا شەفیق: ئەردۆغان پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات

مستەفا شەفیق، شارەزای کاروباری تورکیا
مستەفا شەفیق، شارەزای کاروباری تورکیا

K24 – هەولێر:

شارەزایەکی کاروباری تورکیا رایدەگەیەنێت، تورکیا دەیەوێت عێراق ببێتە پاڵپشتییەکی ئابووری گرنگ بۆی، هەروەها ئەردۆغان دەیەوێت زیاتر بە پەرە بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بدات.

مستەفا شەفیق، شارەزای کاروباری تورکیا، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، عێراق و تورکیا بەرژەوەندیی هاوبەش لەنێوانیان هەیە، ئەو سەردانەی ئەرۆدغان بۆ عێراق دەبێتە نزیکبوونەوەی هەردوو وڵات لە یەکدی، هەروەها عێراق هەنگاو دەنێت بەرەو ئاسۆییەکی باشتر.

ئەو شارەزایەی کاروباری تورکیا راشیگەیاند، تورکیا پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات، لەبارەی پرسی ئەمنییەوە گوتی: عێراق و تورکیا لە رابردووا لەسەر پرسی ئەمنیی ناکۆکییان هەبووە، هەروەها تورکیا ئەمجارە دەیەوێت کۆمەڵێک رێککەوتن لەگەڵ عێراق واژۆ بکات بەهۆی ئەوەی چارەسەرکردنی پرسە ئەمنییەکان بۆ تورکیا گرنگە.

مستەفا شەفیق، ئاماژەی بەوەدا، تورکیا دەیەوێت عێراق ببێتە پاڵپشتییەکی ئابووری گرنگ بۆی، هەروەها ئەردۆغان دەیەوێت زیاتر بە پەرە بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بدات.

ئەو شارەزایەی کاروباری تورکیا، دەڵێت: بە گرنگیدان بە پەیوەندی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، واتە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق، هەروەها تورکیا ناتوانێت کورد و هەرێمی کوردستان لە هاوکێشەکان وەدەربنێت.