کتێبی "کناچەیێک لە ئاورێشمی ئاگر" بڵاوکرایەوە

کتێبی کناچەیێک لە ئاورێشمی ئاگر
کتێبی کناچەیێک لە ئاورێشمی ئاگر

K24 – هەولێر:

ناوەندی وەشانخانەی 49 کتێب - 49books، تازەترین کۆمەڵە شیعری شاعیری رۆژهەڵات "ئاکۆ ئەلیاسی" بە ناوی 'کناچەیێک لە ئاورێشمی ئاگر' بڵاوکردەوە.

دکتۆر هاشم ئەحمەدزادە، لێکۆڵەر و وەرگێڕی کورد، پێشەکی بۆ کتێبی شیعرەکە نووسیوە و دەڵێت: ئاکۆ ئەلیاسی لەم کۆمەڵە شیعرەی بە دەنگ شیعراندنی شۆڕشی ژیناوە چووە و تەمای ڕازاندنەوە و جوانکاریی ژین هانی داوە ژیان و شیعر دیسانەوە ئاوێتەی یەکتر بکاتەوە و لە ڕێڕەوی مێژوویەکی دووردا ئاگری ئەم شۆڕشە  بگەشێنێتەوە و داهاتوو لێوڕێژ بکات لە ڕووناکی و جوانی.

ئەو لێکۆڵەرە کوردە ئاماژەی بەوەدا، "زمانی پڕ لە خوازە و لێکچواندنی زەنگینی ئەم شیعرانەی ئاکۆ لەم دیوانەدا، ئەستەمە سەرنجی جوانیخوازانەی خوێنەر کەمەندکێش نەکات، ئاکۆ بۆ نەخشاندنی ڕووباری بەخوڕی پەیڤەکانی و بۆ شایەتی جیلوەکانی جوانی، تاوناتاوێک دەستەودامێنی ژینا، موژگان و زارا دەبێت.

هاشم ئەحمەدزادە، گوتی: نووسەری کتێبی 'کتێبی "کناچەیێک لە ئاورێشمی ئاگر"، بۆنی ''ژینا'' دەکاتە مسکی ئازادی و بەم جۆرە ''ژنانی هەر هەموو  دنیا'' ئەم بۆنەیان لێوە دێت.

دیوانی "کناچیێەک لە ئاورێشمی ئاگر" هاوکات لە دەرەوەی وڵات و باشوور و ڕۆژهەڵات، بڵاوبووەتەوە، هاشم ئەحمەدزادە، لێکۆڵەر و وەرگێڕی کورد لە چوارچێوەی پێشەکی، نرخاندنێکی کورت و بە پێزی بۆ دیوانەکە کردووە. مامۆستا ڕەشید حەیدەری، پێیداچووەتەوە، دیاکۆ ئیبراهیمیان ڕووبەرگی کتێبەکەی نەخشاندووە و وەشانخانەی 49 کتێب ئەرکی چاپکردنی لەئەستۆ گرتووە.