مووسا كه‌ڤاڵ: پێگه‌ و ئابووری و سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان بۆ توركیا زۆر گرنگه

دکتۆر مووسا کەڤاڵ
دکتۆر مووسا کەڤاڵ

K24 – هەولێر:

شرۆڤه‌كارێكی سیاسیی كورد ڕایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌ردانی سه‌رۆككۆماری وڵاتێکی گرنگ و بەهێزی وه‌ك توركیا، بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، گرنگی و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌.

دکتۆر مووسا کەڤاڵ، شرۆڤەکاری سیاسیی به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ زۆر گرنگه‌.

هه‌روه‌ها مووسا كه‌ڤاڵ ڕاشیگه‌یاند، پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ توركیا زۆر گرنگه‌، به‌تایبه‌ت له‌ بواره‌كانی ئابووری و په‌ترۆڵ. گوتیشی: "زۆربه‌ی بازرگانییه‌كانی توركیا له‌ ڕێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌كرێت".

كه‌ڤاڵ ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو، كۆمپانیایه‌كی زۆری توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كارده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ڕێگریان لێ بكرێت، ئه‌و وڵاته‌ زیانێكی زۆری به‌رده‌كه‌وێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، سبه‌ی دووشەممە، سەردانی عێراق دەکات و دەچیتە بەغدا و هەولێر.

بڕیار بوو ئەردۆغان، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو سەردانی عێراق بکات.

رۆژی پێنجشەممە، 14-3-2024، هەریەک لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی میت سەردانی عێراقیان کرد و چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کرد.

یەکەمجارە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، وەک یەکەم سەرۆک لە مێژووی تورکیادا سەردانی عێراق دەکات.

ئەردۆغان لەسەردانەکەیدا بۆ بەغدا و هەولێر دەبێتە یەکەم سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە مێژوودا کە سەردانی هەولێری کردووە. کۆتا جاریش ئەردۆغان کە سەردانی عێراقی کرد لە ساڵی 2011 بوو.