ئێوارەی ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا دێتە هەولێر

K24 - هەولێر

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا و شاندی یاوەری دوای سەردانەکەی بەغدا، بێنە هەرێمی کوردستان و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیاش ڕایگەیاندووە، دەمێکە ئامادەکاریی بۆ سەردانی سەرکۆماری تورکیا بۆ هەولێر دەکەن، بۆیە ئامانجیانە سەردانەکە بەرهەمدار بێت.

فیدان گوتی؛ سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا بۆ بەغدا و هەولێر دەبێت و زیاتر لە 20 ڕێککەوتن ئیمزا دەکرێن، لە هەولێریش لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبینەوە و خەجت لە پاڵپشتیی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان دەکەینەوە.

تورکیا و عێراق پێشبینی دەکەن پەیوەندییەکانیان لەدوای سەردانەکەی ئەردۆغان بەرەو پێشەوە بچێت، هەروەک پێشبینی دەکرێت، ئەنقەرە و بەغدا ڕێککەوتنێکی ستراتیجیی مۆر بکەن، کە لایەنی ئەمنی و ئابووری و گەشەپێدان و هەروەها دۆسیەکانی ئاو و وزە لەخۆ بگرێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای سەردانەکەی ساڵی 2011، دووم سەردانێتی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق.

توركیا ده‌خوازێت پەیوەندییه‌كانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پتەوتر بكات بۆ به‌هێزتربوونی ستراتیجییەتی خۆی لەناوچەکە، بەتایبەت‌ لە ڕووی سیاسی و ئابووری. هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوە، تورکیا بە دەروازەیەکی گرنگ دەبینێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ڕووی سیاسیی و ئابووری. 

پەیوەندییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا

پەیوەندییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا دوای ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوانیان، لە دوای ساڵی 2007ـه‌وە بەخێرایی پەرەی سەند، ئەو کاتە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان، یەك ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام لە ساڵی 2013دا گەیشتە 8 ملیار دۆلار.

بە گوێرەی ئامارەکانی ساڵی ڕابردوو قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا 20 ملیار دۆلار بووە، کە بەشی زۆرینەی لە هەرێمی کوردستانەوە بووە.

هەروەها هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دواین لێدوانیدا ئامانجی وڵاتەکەی ئاشکرا کردووە کە پلانیان وایە تا وەکوو ساڵی 2030 قەبارەی ئاڵوگۆڕیی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق بگەیەننە 30 ملیار دۆلار.

ڕۆڵی سەرکردایەتی کورد لە پرۆسەی ئاشتی و پرسی کورد لە تورکیا

ڕۆڵی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا و کرانەوەی دەسەڵاتی سیاسیی تورکیا بەرانبەر بە دۆزی کورد لە وڵاتەکە دەگەڕێتەوە بۆ 16 تشیرینی دووەمی2013، سەرۆک بارزانی وەکوو پشتگیرییەک بۆ پرۆسەی ئاشتی و چارەکردنی پرسی کورد لە باکووری کوردستان، سەردانی شاری دیاربەکری کرد و پەیامێکی پشتیوانیی بۆ بەردەوامی و سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی ڕاگەیاند. هاووڵاتییانی باکووری کوردستان و خەڵکی تورکیا بە ئومێدەوە چاوەڕێی کۆتایهاتنی شەڕ بوون و سەردانەکەی سەرۆک بارزانی ڕۆڵی ڕۆن و ئاشکرای سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بوو بۆ چارەکردنی  پرسی کورد لەو وڵاتە،

سەرۆک بارزانی کە لە سەر داوەتننامەی فەرمیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی تورکیا چوو بووە دیاربەکر، گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی " دڵخۆشم سەرکردەیەک لە تورکیا هاتووەتە پێشەوە و ڕێگەیەکی ڕاستی برایەتیی هەڵبژاردووە. پێویستە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکەوە بژین. شەڕ تاقیکرایەوە و خێری بۆ هیچ کەس نەبوو. بەردی بناغەی ئاشتی بە شێوەیەکی بوێرانە دانرا."

خوێندن بە زمانی کوردی و کردنەوەی کەناڵی کوردی

 ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆتایی ئەیلوولی 2013 پاکێجی دیموکراسی ڕاگەیاند، کە كۆمەڵێك چاكسازیی و گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە سیستەمی یاسایی و سیاسیی بەرانبەر بە مافەکانی کورد تێدا بوو، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی کوردی (زمانی دایک) بوو بۆ منداڵانی کورد، هەروا بانگەشەی پارتە سیاسیی و ڕێکخراوەکان بوو بە زمانی دایک و دەست پێ کردنی پەخشی  کەناڵی فەرمیی تەلەفزیۆنی حکوومەتی تورکیا بوو بە زمانی کوردی هەردوو شێوەزاری سۆرانیی و کرمانجی لە کاتێکدا هەموو ئەو مافانە بۆ گەلی کورد لە تورکیا قەدەغە بوون.