ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران: نزیکەی 20 ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا ئیمزا دەکرێت
K24 - هەولێر
ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ نزیکەی 20 ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی تورکیا ئیمزا دەکرێت. هەروەها پەیوەندییە ئەمنی و ئابووری و ئاوییەکان تاوتوێ دەکرێت.
زیا ناسری، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ نزیکەی 20 ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی تورکیا ئیمزا دەکرێت، ئەو ڕێککەوتنانەش لە سەر سێ بەشی سەرەکی و گرنگن، کە ئەوانیش ئەمنی و ئابووری و وەبەرهێنان و پەیوەندییەکانی ئاوە. لەنێوان هەدوو وڵاتە کە دەبێت پلانیک دابنێین بۆ ماوەی 10 ساڵ.
گوتیشی: بەهۆی ئەو ڕێککەوتنانە دەتوانرێت پارێزگاری بکرێت لەوبەشە ئاوەی کە دێتە ناو عێراقەوە، هەروەها دەبێت بزانین چۆن بەهەدەری نەدەین و بیپارێزین.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەلایەنی ئەمنییەوە ئێمە زۆر کێشەمان هەیە، بەڵام ئێمە وادەبینین چارەسەری کێشەکە دەکەین و هەردوولاشمان پێی ڕازی دەبین.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کاتژمێر 11 بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ی نیسانی 2024، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و دواتریش سەردانی هەولێر دەکات .
پێشتریش باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، لەبارەی سەردانەکەی ئەردۆغان تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامادەکاریی پێشوەختە بۆ ئەم سەردانە کراوە و بڕیارە زیاتر لە 20 ڕێککەوتن و یادداشتی لێکتێگەیشتن ئیمزا بکرێن.
عەوادی سەردانەکە و ڕێککەوتننەکانی بە وەرچەرخانێکی مێژوویی لە پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا ناوبردووە و گوتیشی: سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا سوپڕایزی زۆر گەورەی تێدایە و لە کۆنفڕانسێکی هاوبەشی رۆژنامەوانییدا ئەردۆغان و سوودانی، وردەکاریی سوپڕایزەکە ئاشکرا دەکەن.