مسته‌فا ئۆزچه‌لیك: توركیا وه‌ك هه‌رێمێكی فیدراڵی دانپێدانراو مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

مسته‌فا ئۆزچه‌لیك
مسته‌فا ئۆزچه‌لیك

K24 - هەولێر:

سه‌رۆكی گشتی پارتی وڵاتپارێزی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، سه‌ردانی سه‌رۆككۆماری توركیا بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگه‌؛ ده‌شڵێت، هه‌رێمی كوردستان نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو كورد ده‌كات له‌ هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان و هه‌موو كورد له‌ جیهاندا.

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 22ـی نیسانی 2024) مسته‌فا ئۆزچه‌لیك، سه‌رۆكی گشتی پارتی وڵاتپارێزی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 ڕایگه‌یاند، سه‌ردانی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگه‌، هاوكات گرنگی ئه‌و سه‌ردانه‌ به‌ ئه‌رێنی به‌سه‌ر باكووری كوردستانیشیدا ده‌كشێته‌وه‌.

مسته‌فا ئۆزچه‌لیك ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هه‌رێمی كوردستان نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو كورد ده‌كات له‌ هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان و هه‌موو كورد له‌ جیهاندا، فیدراڵییه‌كه‌یشی قبووڵ كراوه‌ و توركیایش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا دانی پێدا ناوه‌ و وه‌ك هه‌رێمێكی فیدراڵ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات.

مسته‌فا ئۆزچه‌لیك باسی له‌وه‌یش كرد، هه‌رێمی كوردستان بۆ توركیا جگه‌ له‌ پێگه‌ سیاسییه‌كه‌ی، هاوكات له‌ ڕووی ئابووری و بازرگانی و ئه‌منیشه‌وه‌  گرنگه‌.

ناوبراو گوتیشی، شه‌ڕی نێوان توركیا و په‌كه‌كه‌ به‌تایبه‌تی كه‌ په‌كه‌كه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ی بۆ ناو هه‌رێمی كوردستان گواستووه‌ته‌وه‌، زیانێكی زۆری به‌ ئابووری هه‌رێمی كوردستان و باكووری كوردستان گه‌یاندووه‌.