سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لە سەرۆککۆماری تورکیا کرد

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە ئەردۆغان دەکات
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە ئەردۆغان دەکات

K24 – هەولێر:

سەرۆککۆماری تورکیا گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.

کاتژمێر (20:30)ـی ڕۆژی دووشەممە (22ـی نیسانی 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد.

لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، سەرۆککۆماری تورکیا بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای حکوومەتی وڵاتەکەی گەیشتە هەرێمی کوردستان، کە بە یەکەم سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا دادەنرێت بۆ هەرێمی کوردستان، هەرچەندە پێشتر ئەردۆغان وەک سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەردانی هەولێری کردبوو.

لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە دەکەن.

هەریەکە لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆ، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری، ئاڵپارسلان بایرەکتار، وەزیری وزە، عومەر بوڵات، وەزیری بازرگانی و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا و ژمارەیەکی دیکە لە وەزیر و بەرپرسانی باڵای تورکیا یاوەری ئەردۆغان دەکەن.

سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ هەولێر، دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا دێت کە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازی لێکرا و دوای کۆبوونەوەیان واژۆیان لەسەر 26 ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتن کرد.

0
0
00