ماتیۆ میله‌ر بۆ كوردستان24: تورکیا هاوپەیمانێکی سەرەکی ئه‌مه‌ریكایه‌

K24 – واشنتن:

له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، ماتیۆ میلله‌ر گووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، تورکیا هاوپەیمانێکی سەرەکی ئێمەیە.

میلله‌ر هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، لەگەڵ تورکیا لەسەر زۆربەی پرسە هەرێمی و جیهانییەکان هاوبەشیمان هەیە.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمان لەگەڵ تورکیا قوڵ و فراوانتر دەکەین.

ڕۆژی دووشەممە (22ـی نیسانی 2024)، دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.

لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

پێشتریش عه‌بدولڕه‌حمان كورت ئه‌ندامی شاندی توركیا و راوێژكاری باڵای ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاندبوو، 26 رێككه‌وتننامه‌ له‌ نێوان عێراق و توركیا واژۆ كراوه‌.

ئاشكراشی كرد، قه‌باره‌ی ئابووری نێوان توركیا و عێراق 17 ملیار دۆلاره‌.